ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کێشەی مووچەخۆرانی هه‌رێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی

K24 - هەولێر:

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی كۆده‌بێته‌وه‌ و وێڕای تاوتوێكردن و خستنه‌ڕووی دوو بڕگه‌ی تایبه‌ت به‌ دۆسیەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکان و ڕەشنووسی یەکەمی (رێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان)، داواش له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ ده‌كات کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) بە سەرپەرشتیى سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتيی فیدڕاڵ

حكومه‌تی فیدڕاڵ مووچەی سێ مانگی ئەمساڵی خەرج نەکردووە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست کردووە

لە بڕگەی یەکەمدا، دوایین پێشهاتەکانی هەردوو دۆسیەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو، دووپاتیان کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتيی فیدڕاڵ تاکوو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەبەرانبەریشدا هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش کردووە.

هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکیيە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

رێکخستنی رێنماییه‌كانی كاركردن بۆ ره‌خساندنی هەلی کاری زیاتره‌ بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان

پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسی یەکەمی (ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانەوە خرایەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لەم ڕێنماییانە، ڕێکخستنی مۆڵەتی کار و ڤیزا و نشینگە و ڕێگریکردنە لە هاتنی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە خاوەنی کۆمپانیاکان زیاتر ڕوو لە کرێکار و کارمەندانی ناوخۆ بکەن، لە هەمانکاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی کار و مانەوەی کرێکارانی بیانیش بێت لە هەرێم تاکوو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو کارمەندە بیانیانە وەربگیرێت کە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە.

دابینکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی بەپێی ماددەی 132ـی دەستووری عێراق لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە

لە کۆتاییدا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، چەند پێشنیارێکی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو کە تایبەت بوو بە زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی بەپێی شایستەی یاسایی دیاریکراوی خۆیان بۆ زامنکردنی ماف و شایستەی ئەوانەی کە شایستەن و هەروەها ڕێگرتن لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە مووچە و ئیمتیازاتی گیراو و زیندانیانی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی حوکمەکانی پەیڕەوی ژمارە(4)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حكومه‌تی فیدڕاڵ شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هه‌رێم، تێکەڵی ناکۆکیيە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی پەسەند کرد و وەزارەتیشی ڕاسپارد لە هەوڵەکانیان لەگەڵ نوێنەرایەتیى هەرێم لە بەغدا بەردەوام بن بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدڕاڵ بە دابینکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ بەپێی ماددەی 132ی دەستووری عێراق ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە.

7
57645
75
8
87
756
654
65
Fly Erbil Advertisment