ئەمەریکا: هێرشەکەی دوێنێ عەین ئەسەد هیچ زیانێکی گیانی نەبوو

K24 - هەولێر
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەو هێرشە مووشەکییەی دوێنێ کرایە سەر هێزەکانمان لە عێراق هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە مووشەکێک ئاراستەی هێزەکانمان کرا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، ئەو مووشەکە هیچ زیانی گیانی نەبوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، "شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانمان دەستنیشانکرد و زانیارییەکانمان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق داوە".
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە، کە بۆ هەڵدانی مووشەک بەکارهێنراوە.
دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری کەرتی غەززە، گرووپە چەکدارەکان هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا چڕکردووەتەوە.
900 سەربازی ئەمەریکی لە سووریا جێگیرکراون و 2500 سەربازیش لە عێراقدا جێگیرکراون، کە ئەمەریکا دەڵێت: جێگیرکردنی ئەو سەربازانە بە ئامانجی راوێژکردنە بە هێزە ناوخۆییەکان و هاوکاریکردنیانە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو 102 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، کە بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 66 سەرباز برینداربوون و زیانێکی کەمیش بە بنکەکانیان گەیشتووە، بەڵام هێرشەکان شکستیان هێناوە و سەرکەوتوو نەبوون. بەرپرسانی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکەنەوە رووبەڕووی هەر هێرشێک دەبنەوە بکرێتە سەر هێزەکانیان.
ئا: لاڤین عومەر