ژیری دەستکرد ژەمێکی نوێی خواردنی داهێنا

K24 - هەولێر
ژەمێکی نوێی خواردن بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە کەمپێکی سەربازیی ژاپۆن ئامادەکرا و، بڕیارە بەشداریی پێشبڕکێیەکی خواردن بکات.
بە هاوکاریی ژیری دەستکرد؛ لە کافتریای کەمپی سەربازیی یۆناگۆی ژاپۆنی، کە هێزەکانی خۆپارێزی زەمینیی ئەو وڵاتە لێی جێگیرکراون و دەکەوێتە پارێزگای توتوری، ژەمێکی نوێی خواردن بۆ سەربازەکان ئامادەکرا.
رۆژانە نزیکەی 200 سەرباز لە کافتریاکەدا خواردن دەخۆن. ئەو ژەمە نوێیەی بە هاوکاریی ژیری دەستکرد ئامادەکراوە؛ لە ماسی سوورکراوەی داپووشراو بە شەعرییە پێکدێت. خواردنەکە پێنج بژاردەی جیاوازی سۆسی لەگەڵدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ تامە جیاوازەکانی نێوان سەربازەکاندا بگونجێت.
خواردنە نوێیەکە پێشنیازی تۆشیوکی یامانەکی، بەرپرسی یەکەی خزمەتگوزاری گشتی کەمپەکە بوو کە کار بۆ پاڵپشتیکردنی ژیانی ڕۆژانەی سەربازەکان دەکات. ئەو لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە پێکهاتەکانی پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی ژیری دەستکرد ژەمێکی نوێی خواردن بۆ سەربازەکان ئامادەبکات، ژیری دەستکردیش ئەو ژەمە نوێیەی داهێناوە.
ساڵانە پێشبڕکێیەکی چێشتلێنان لەلایەن کەرتی ناوەندی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی و زەمینی ژاپۆنەوە بەڕێوەدەبرێت. پێشنیازکراوە ئەو ژەمە نوێیەی لەلایەن ژیری دەستکردەوە ئامادەکراوە، بۆ ئەمساڵ بەشداریی پێشبڕکێیەکە بکات.
ژەمە نوێیەکە لەلایەن تۆشیوکی یامانەکی و سەربازانی نێو کەمپەکە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و، لێی رازین، چونکە هەم هەرزانە و هەم تەندروستیشە؛ بە تایبەت کە پێشتر سەربازەکان بۆ هەر ژەمێک خواردن نزیکەی 390 یێنی ژاپۆنییان دەدا و لە نرخی خواردنەکانی نێو کافتریاکە ناڕازیبوون.