عێراق دووچاری ئاڵنگارییەکی نوێی ئەمنی دەبێتەوە

K24 - هەولێر
پێگەی "عێراق ئۆیل ریپۆرت" لە نوێترین راپۆرتیدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەداوە، کە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بووەتە هۆی دروستبوونی ئاڵنگارییەکی نوێی ئەمنی بۆ وڵاتەکە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، دووچاری بارودۆخێکی سەختی راگرتنی هاوسەنگی، لەنێوان ئەمەریکا و هێزەکانی سەر بە ئێران بووەتەوە، بەهۆی دووبارە بوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە".
لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تا 20ی کانوونی یەکەمی 2023، 102 جار لە عێراق و سووریا هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، کە بەشێکی زۆری هێرشەکان لەلایەن بەرەی مەقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بووە.
لە وەڵامی هێرشەکاندا، ئەمە ریکا دووجار هێرشی کردووەتە سەر میلیشیاکان لە عێراق، کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان چەکداری رێکخرای کەتایب حزبوڵڵای عێراقی.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، هێرشەکان و وەڵامدانەوەیان لە لایەن ئەمەریکاوە مەترسی تەشەنەکردنی ناکۆکییەکانی لێدەکرێت، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە قسەی بۆ پێگەکە کردووە "پێی وایە کە ئەوە ئەگەرێکی دوورە".
ئەو بەرپرسە رایگەیاندەووە "ئەمەریکییەکان و گرووپە چەکدارەکان باش دەزانن کە چۆن یارییەکە بکەن و هەردووکیان ئاگاداران کە هەندێک سنوور هەن هیچ کامیان نایانەوێت بیبەزێن".
ئەو راستیەی کە ئەمەریکا سەرچاوەی سەرەکی دەسترایگەشتنی عێراقە بە دۆلار، کۆدەنگەییەکی لەنێو سەرکردە عێراقییەکاندا دروستکردووە، کە فراواندبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق مەترسی سزای ئابووری لێدەکەوێتەوە بۆ سەر بەغدا.
راپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە "مەبەست لە هێرشەکان ناچارکردنی هێزەکان ئەمەریکایە بە کشانەوە لە عێراق، بەڵام حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکانیش ئاگادارن لەوەی کە رەنگە ئەو کارە ببێتە هۆی بەرئەنجامی نەرێنی بۆسەر ئابووری عێراق".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ هەروەها راشیگەیاندووە "تەنانەت لەژێر فشاری جەماوەریشدا، سوودانی ناتوانێت بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بدات".