لە بەغدا دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن خۆپیشاندان دەکرێت

K24 – بەغدا

ژمارەیەک هاووڵاتی لە بەغدا، دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق خۆپیشاندانیان دەکەن و داوا دەکەن کۆمسیۆن وردبینی زیاتر لە دەنگەکان بکات.

محەممەد عەبود ئەسەدی،  یەکێکە لە کاندیدە دەرنەچووەکان بە کوردستان24ی گوت: "داوا لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەین جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە دەنگی کاندیدەکان بکاتەوە، ئەو دەنگانەی کە بۆ من هەژمارکراوە لە ئاست دەنگدەر و لایەنگری من نین، هەموو عەشیرەتەکەم پشتیوانی من دەکەن".

گوتیشی: "دەمانەوێت بزانین هۆکارەکە چییە دەنگەکانم وا کەم بووە، ەئەگەر هەڵە کراوە با پێداچوونەوە بکرێت، ئەگەر نا بزانین چی لە پشت ئەو بابەتەیە، چونکە ئەو ژمارەیە زۆر کەمترە لەلایەنگر و دەنگدەران".

ئەسەدی، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر کۆمسیۆن داواکەمان لەبەرچاو نەگرێت و پێداچوونەوە نەکات، خۆپیشاندانی فراوانتر ئەنجام دەدەین و دەچینە بەردەم کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان".

بەشداربوێکی خۆپیشاندانەکان دەڵێت: "دەنگی کەم بۆ محەممەد عەبودی هەژمارکراوە، بۆیە داوا دەکەین وردبینی زیاتر لە دەنگەکان بکات".

ئەوە لەکاتێکدایە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئێستا سەرقاڵی هەژمارکردنەوەی دەنگەکانە بە دەست، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی راگەیاندووە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنەێت.

رۆژی 18/12/2023، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆن، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکە سەدا 41 بووە، زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک (سەدا 66) و کەمترینیشی لە پارێزگای بەغدا/ رەسافە (سەدا 21) بووە.

Fly Erbil Advertisment