نەخشەرێگەی ئاکپارتی و مەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان راگەیەندرا

هەردوو لۆگۆی ئاکپارتی و مەهەپە
هەردوو لۆگۆی ئاکپارتی و مەهەپە

K24 – هەولێر:

هاوپەیمانییەتی ئاکپارتی و مەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەردەوام دەبێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە 28 گەورەشارەوانیدا کاندیدی دەبێت، لەبەرامبەردا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ دوو گەورەشارەوانی کاندیدی دەبێت کە لە مێرسین و مانیسا پێکهاتوون.

نەخشەرێگەی ئاکپارتی و مەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان راگەیەندرا، پشکی شێر بەر ئاکپارتی کەوتووە و دەیەوێت قەرەبووی ئەو گورزە بکاتەوە کە لە ساڵی 2019 بەریکەوت و گەورە شارەوانییەکانی وەک ئیستانبوڵ و ئەنقەرە بەدەستبێنێتەوە. .

فەتحی یڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی مەهەپە لە بارەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رایگەیاند، لە 30 گەورەشارەوانیدا لەگەڵ ئاکپارتی هاوکاری یەکتر دەبن.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئاکپارتی لە 28 گەورەشارەوانیدا کاندیدی دەبێت، لەبەرامبەردا مەهەپە بۆ دوو گەورەشارەوانی کاندیدی دەبێت کە لە مێرسین و مانیسا پێکهاتوون. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 29 شارەوانی پێکەوە بەشداردەبن و لە 22 شارەوانیش بە کاندیدی خۆیان بەشدار دەبن.

هاوکێشەکە لەگەڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019 کەمێک گۆڕاوە بەشێوەیەک، ئاکپارتی لە 27 گەورەشارەوانیدا کاندیدی هەبوو، لەبەرامبەردا مەهەپە بۆ سێ گەورەشارەوانی کاندیدی پێشکەشکرد کە لە ئەدەنە و مێرسین و مانیسا پێکهاتبوون. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 24 شارەوانی پێکەوە بەشداربوون و لە 22 شارەوانیش بە کاندیدی خۆیان بەشدارییان کردبوو.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا چاوەکان بە گشتی لەسەر ئەنقەرە و ئیستانبوڵ دەبێت، بەتایبەتی ئیستانبوڵ چونکە ئاکپارتی دەیەوێت جارێکی دیکە شارەوانیی ئیستانبوڵ بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە کە لە ساڵی 2019 لەدەستیدابوو.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31ـی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، پێشتر ئیی پارتی رەتیکردەوە لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمانیەتی پێکبهێنێت بەڵام ئاک پارتی و جەهەپە تا ئێستا دەستبەرداریی خۆنزیککردنەوە لە دەم پارتی نەبوون، لەبەرامبەردا دەم پارتی دەڵێت، هەر جۆرە هاوپەیمانیەتییەک بکەن پێویستە لەبەردەم کامێراکان و خەڵکی تورکیا بێت چونکە لە هەڵبژاردنی رابردوو ئەزموونی تاڵیان هەبووە و دژی رێککەوتنی ژێربەژێرن.