شەش سەربازی تورکیا کوژران

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی شەش سەربازی لە شەڕی پەکەکە راگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە "رۆژی 23ی کانوونی یەکەمی 2023، لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە، کە هەوڵیان دەدا دزە بکەنە ناوچەی بنکەیەکی سەربازییمان، شەش سەرباز کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو".

راشیگەیاندووە، لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا 13 چەکداری پەکەکە کوژراون و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکە بەردەوامە.

لە راگەیەندراوێکی دیکەدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو، کە 29 ئەشکەوت و حەشارگەی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شەوی رابردوو لە سنووری ناوچەی شیلادزێ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەخت لەنێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە روویداوە.

Fly Erbil Advertisment