پێنتاگۆن: هێرشی سەر کەشتییە بازرگانییەکەی کەناراوەکانی هیندستان لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە

K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە ڕۆژی شەممە، کەشتییەکی هەڵگری ماددەی کیمیایی لە کەناراوەکانی هیندستان کردە ئامانج، لە "ئێرانەوە هەڵدراوە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی مەترسییەکان بۆ سەر کەشتیە دەریایییەکانی دەریای سوور.
ئەمە یەکەمجارە کە پێنتاگۆن بە ئاشکرا ئێران تۆمەتبار بکات بەوەی کەشتیەکان دەکاتە ئامانج، لەو کاتەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد.
هێرشەکەی دوێنێ شەممە، لە زەریای هیندی دوای زنجیرەیەک هێرش هات کە لە یەمەنەوە لەلایەن حوسییەکانەوە کراوەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور، ئەمەش بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوەیە لە کەرتی غەززە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە کە خاوەنەکەی کۆمپانیایەکی ژاپۆنی بووە، ئاماژە بەوەشکراوە، ئاگر لەناو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و دواتر کوژێنراوەتەوە.
پێنتاگۆن راشیگەیاند، سوپای ئەمەریکا بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ کەشتی "کیم پلۆتۆ" کە ئاڵای لیبریا هەڵکردووە و لەلایەن کۆمپانیایەکی هۆڵەندییەوە بەڕێوەدەبرێت، دەشڵێت: "کەشتییەکە بەردەوام بووە لە گەشتکردن بەرەو شوێنی مەبەست لە هیندستان".
پنتاگۆن شوێنی هێرشەکەی بە دووری (370 کیلۆمەتر) لە کەناراوەکانی هیندستان دەستنیشان کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا لەو دەوروبەرەدا نییە.
لای خۆیەوە کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی "ئامبری" رایگەیاند، کەشتییەکە "پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە"، هەروەها "لە سعوودیە وەستا و بەرەو هیندستان دەڕوات".
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایە هۆڵەندییەی کە کەشتییەکە بەڕێوە دەبات "پەیوەندی بە عێدان عۆفەری گەورە کەشتیوانی ئیسرائیلییەوە هەیە."
بەرپرسێکی هێزی دەریایی هیندستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕرگەیاندووە، "فڕۆکەیەک رەوانەی شوێنەکە کراوە و توانیویەتی بگاتە کەشتییەکە و سەلامەتی تیمەکەی مسۆگەر بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتییەکی جەنگی هێزی دەریایی هیندستانیش رەوانەی شوێنەکە کراوە بۆ ئەوەی هاوکاری پێویست پێشکەش بکات.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
هێرشەکانی حوسییەکان وایکردووە کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی خۆیان بەدوور بگرن لە تێپەڕاندنی کەشتییەکانیان بە دەریای سووردا و رێڕەوی خۆیان بەرەو باشووری ئەفریقا بگۆڕن، سەرەڕای ئەوەی تێچووییەکی زۆر تری هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە محەممەد رەزا نەقدی رێکخەری گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاند: ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەم زووانە دەبێت چاوەڕێی داخستنی دەریای ناوەڕاست و گەرووی جەبەل تاریق بکەن، بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە کە چۆن وڵاتەکەی دەریای ناوەڕاست دادەخات.