سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل: متمانە لە نێوان حکومەتی ناتانیاهۆ و سوپادا نەماوە
K24 - هەولێر
رۆژی یەکشەممە، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ لەگەڵ سوپا گرت و گوتی: "متمانە لە نێوان حکومەت و سوپادا نەماوە".
پاتێر لاپید، کە سەرۆکایەتی بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن لە ئیسرائیل دەکات بەناوی "ئایندەیەک هەیە" بە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی رایگەیاند، کە بڕوای بەوە هەبووە، ئەم حکومەتە لە کاتی دەنگدان لەسەر بودجەی گشتی شکست دەهێنێت، بەڵام ئەوە رووی نەدا.
لاپید، ئاماژەی بەوەشدا، سوپای ئیسرائیل دەزانێت حکومەتێک هەیە کە زۆر دڵخۆش دەبێت بە فشارخستنە سەر و تۆمەتەکان لە دژییان و لەسەر ئاستی نیشتمانیش.
سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکە دەشڵێت: پێشبینی دەکەم کە شەڕی غەززە لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی 2024 دەچێتە قۆناغی داهاتوو، پێیوابوو کە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی ئیسرائیل کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەرن، دەبێت زیاتر بکرێت.
باسی لەوەشکرد، دوو ئامانج هەیە، کە دەبێت لە غەززە بەدی بهێنرێت و گوتی: "ئەو دوو ئامانجە لە گرنگییەکەیدا یەکسانن، بەڵام لە خێراییدا نا"، بابەتی بەپەلە لە ئێستادا رزگارکردنی "رفێنراوەکان"ـە، هەربۆیە دەبێت فشار بخرێتە سەر دەوحە.
هەروەها داوای هەوڵدان بۆ تێکدانی سیستمی دارایی بزووتنەوەی حەماس دەکات، و پێیوابوو ئەمە یەکەم ئەرکی نیشتیمانییە کە لە پێشینەیی کارەکان دابنرێت.
جەختیکردەوە، "پێویستە سەرکردەکانی حەماس لەوە تێبگەن کە ئەوان منداڵی مەرگن ئیسرائیل لەو ئامانجە پاشگەز نابێتەوە".
لاپید، لەگەڵ بێنت سەرۆکایەتی حکومەتی پێشووی ئیسرائیلی دەکرد، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززە، رەتیکردەوە پەیوەندی بە هاوپەیمانی ناتانیاهۆوە بکات.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل سەریهەڵدا، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 500 ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها زیاتر لە 20 هەزار فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 50 هەزاریش بریندارن.