کۆمسیۆن مۆڵەتی 30 رۆژ بە حزب و لایەنەکان دەدات

K24 - کەرکووک

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان مۆڵەتی 30 رۆژی داوە بە حزب و لایەنە سیاسییەکان، تاکو وێنە و پۆستەری کاندیدەکانیان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان لاببەن کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵیان واسیون.

شەقام و شوێنە گشتییەکانی کەرکووک هشتا پۆستەری کاندیدەکانی پێدا هەڵواسراوە،و وێنەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشووترییش لەسەر شەقامەکانن و تێکەڵ بە وێنەی کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنە بوونە.

باست دەروێش، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەوە لە ماوەی 30 رۆژدا دەبێ هەموو پۆستەر و وێنە و پاشماوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر شەقامەکان لاببرێت، هەر لایەنێک پابەندی بڕیار و وادەی دیاریکراو نەبێت سزا دەدرێت".

لە کەرکووک هێشتا پۆستەری هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021، بە دیوارە وشوێنەکانەوەن، ئەم هەڵبژاردنەشی هاتە سەر، کەم دیوار و شوێنی گشتی هەیە لە شارەکەدا وێنە و پۆستەری کاندیدی دەرنەچووی پێ هەڵنەواسرابێت، خەمی گەورەی خەڵک پاش هەڵبژاردنەکان مانەوەی پۆستەر و وێنەکانە لە شوێنە گشتییەکان.

Fly Erbil Advertisment