نەیجیریا.. لەشەڕ و پێکدادانی نێوان مەڕدارەکان و جووتیاران 16 کەس کوژران

K24 - هەولێر
سوپای نەیجیریا رایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لە نێوان مەڕدارەکان و جووتیاران لە باکووری ناوەڕاستی نەیجیریا 16 کەس کوژران.
کاپتن ئۆیا جەیمس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێرشەکە لە دەوروبەری نیوەی شەوی شەممە لە گوندی موشو لە ویلایەتی پلاتۆ روویداوە.
مارکۆس ئامۆرۆدۆ، دانیشتووی گوندەکە دەڵێت: "ئێمە خەوتبووین لەناکاو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو". گوتیشی: ترسمان هەبوو، چونکە چاوەڕێی هێرشمان نەدەکرد، خەڵک خۆیان دەشاردەوە، بەڵام هێرشبەرەکان زۆرێکیان گرت، هەندێک کوژران و هەندێکی تریش بریندار بوون.
ئەم ناوچەیە کە زۆرجار گرژیی نەتەوەیی و ئایینی تێدا روودەدات، دەکەوێتە سەر هێڵی نێوان باکووری نەیجیریا کە زۆرینەی موسڵمانان تێیدا نیشتەجێن و باشوورەکەی کە زۆرینەی مەسیحی نیشتەجێن. هەروەها روون نەبووەتەوە کە هۆکاری دوایین هێرشەکە چییە و کێ بەرپرسیارە لەو هێرشە.
کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لە شوێنەکە جێگیرکراون بۆ رێگریکردن لە پێکدادانی زیاتر، کە بە گشتی کوشتنی یەکتر لە نێوان مەڕدارە موسڵمانەکان و جووتیارانی مەسیحی دەبێتە هۆی هێرشکردنە سەر گوندەکان.
یانگ بێری، گوتەبێژی ویلایەتی پلاتۆ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، کالێب مۆتفوانگ، پارێزگاری ویلایەتەکە ئیدانەی دوایین هێرشەکەی کردووە و بە بەربەری و دڕندانە و ناڕەوا وەسفی کردووە و بەڵێنیدا تاوانباران بخاتە بەردەم دادگا.
بێری لە زاری پارێزگارەوە دەڵێت: "حکومەت رێوشوێنی چالاکانە دەگرێتەبەر بۆ سنووردارکردنی هێرشە بەردەوامەکانی سەر هاووڵاتیانی بێتاوان".