پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ: نەخۆشی لاوازی دڵ لە کوردستان زۆربووە

K24 - هەولێر
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ رایگەیاند، لاوازی دڵ لە کوردستان زۆر بووە، ئەمەش بۆ قەڵەوی، جگەرەکێشان، خەمۆکی و چەند هۆکارێکی دیکە دەگێڕێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی2023، د. محەممەد کاوە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ لە هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "نەخۆشی "عجز قلب شدید" دەستەواژەیەکی گشتییە، بە واتای لاوازی دڵ کە کەمتر بێت لە 35 پلە وای پێدەگوترێت و ئەم نەخۆشییە ئێستا لە کوردستان زۆر بووە، ئەویش بەهۆی قەڵەوی، جگەرە کێشان، خەمۆکی، نەخۆشییە بۆماوەییەکان و چەندین گرفتی دیکە".
گوتیشی: "دیاریترینیان دەمارگیرانی دڵ، هەوکردنی دەمارەکانی دڵ، فراوانبوونی دەمارەکانی دڵ، بەڵام باوتریینیان دەمار گیرانە".
د. محەممەد، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوانەی جگەرە دەکێشن، هەندێکیان حاڵەتێکیان بۆ دروست دەبێت، لە جیاتی ئەوەی دەماری دڵیان بگیرێت فراوان دەبێت، دەمارەکە وەک وەڵامدانەوەیەک گەورە دەبێت، ئەوەش بە گرفت بۆ لاوازی دڵ دادەنرێت، چونکە ئەگەر دەمارەکە گەورە بوو، رێڕەوی خوێنەکە خاودەبێت و ئەویش هۆکارێکە بۆ خوێن مەین، دەبێت چارەسەر وەربگرێت، وەک تەسکبوونەوەی دەمار".
ئەوەشی خستەڕوو: "چارەسەری فراوانبوونی دەمارەکە بە دەرمان دەکرێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی چەوری، وەک تەسکبوونەوەی دەمار نییە، گەر بێت و تەسک بوونەوەکە %70 کەمتربوو بە دەرمان چارەسەر دەکرێت، گەر زۆرتریش بوو شەبەکە و باڵۆنی بۆ دادەنرێت".
ئا: لاڤین عومەر