پارێزگاری سلێمانی: وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا سیاسییە

K24 - هەولێر
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئێمە لەگفتوگۆی بەردەوامداین بۆدەستپیکردنەوەئ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و سلێمانی. کە لە مانگی تەمووزەوە راگیراوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لەگفتوگۆی بەردەوامداین لەگەڵ ئەو دۆستانە بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە کۆتاییان پێبێت، بەڵام ئەو بابەتە بابەتێکی یاسایی و کارگێڕی و خزمەت گوزاری نییە، بەڵکو بابەتێکی ئەمنی و سەربازی و سیاسییە.
پارێزگاری سلێمانی گوتیشی: پێویست دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامی ئەو دۆخە بدەنەوە، چونکە سلێمانی شوێنێکی ئارامە، فڕۆکەخانەکەشی مەدەنییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەشتانە قەرەبووکراوەتەوە بەدەیان گەشتە ئاسمانییەکانی دیکەی نێودەوڵەتی، بەڵام پێمان خۆشە ئەو گەشتانەمان لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینیش دا هەبێت، بۆیە لەگەڵ کونسوڵخانە قسەمان کردووە و لەهەوڵداین بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشتەکانی ئاسایی بێتەوە لەگەڵ تورکیا.
رۆژی شەممە، 23-12-2023، هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 22-06-2024 درێژکردەوە.
رۆژی دووشەممە 03-07-2023، تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 3-1-2024 درێژکردبووەوە و ئێستاش ماوەکەی تاوەکو 22-06-2024 درێژکردەوە.
رۆژی 3ـی نیسانی 2023 کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرت.
نزیکەی 176 نووسینگە و بریکاری گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە رۆژانە رێکلامیان بۆ گەشتی تورکیا دەکرد، بەڵام دوای راگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەشێک لەو نووسینگانە رێکلامەکانیان راگرت.