ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی کوشتنی زاوایەکیان دەستگیردەکات

دەستگیرکراوەکان لە ئاسایشی هەولێر
دەستگیرکراوەکان لە ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند کە باوک و کوڕێکن بە تۆمەتی کوشتنی زاوایەکیان لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "‎دوای ئەوەی لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2023، هاووڵاتی (محەمممەد شەعبان) لەلایەن ماڵە خەزورانی لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە گەڕەكی قەتەوی شاری هەولێر کوژرا، دەستبەجێ  لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (بەڕێوەبەرایەتی ئاسايشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر دەستكرا بە لێکۆڵینەوه".

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت تۆمەتباران هەڵاتوون بۆ یەکێک لە شارەکانی خوارووی عێراق، دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای سەڵاحەددین، دووکەس لەو تۆمەتبارانە بەناوەکانی (ف. ز. ح.) و(ه. ف. ز.) دەستگیرکران و رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر کران.

Fly Erbil Advertisment