مەزڵوم عەبدی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات تورکیا رابگرن

K24 - هەولێر
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تورکیا ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" رایگەیاند: لەگەڵ پابەندبوون بە داکۆکیکردن لە ماف و سەلامەتی گەلەکەمان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە دەستوەردان بکەن، بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
گوتیشی: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جێی نیگەرانییە.
مەزڵوم عەبدی، راشیگەیاند، ئێمە حساب بۆ رێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێت و شەڕێکی گەورە روونەدات.
باسی لەوەشکرد، هێرشەکانی تورکیا وەرچەرخانێکی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها بە ئامانجگرتنی ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا فراوانتر دەکات، گوتیشی: ئەم پێشهاتە زیانێکی گەورە بە خەڵکی مەدەنی دەگەیەنێت و ئاماژەیە بۆ سیاسەتێکی قڕکردنی نوێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێرشانە دڵەڕاوکێکان بەرز دەکاتەوە، ئەمەش سەقامگیری تێکدەدات و مەترسییەکانی سنوور بەزاندن زیاد دەکات.
فەرماندەی گشتی هەسەدە، دەشڵێت: داوا لە تورکیا دەکەین، سەرنجی لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی خۆی بێت و لە سنوورەکانی خۆیدا چارەسەریان بکات.
قسەکانی مەزلوم عەبدی دوای ئەوەهات دوێنێ دووشەممە 25/12/2023، سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چەند ناوچەیەکی لە هەردوو شاری کۆبانێ و قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد. بەگوێرەی ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەشت هاووڵاتی مەدەنی لە بۆردومانەکانی تورکیا لە شاری قامیشلۆ کوژراون و زیاتر لە 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.