ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە سەری ساڵدا توندوتۆڵ و پتەوتر دەکرێن

ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ
ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ

K24 - هەولێر

چوونەدەرەوەی خەڵک لە سەری ساڵدا بووەتە دیاردەیەکی گشتی و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش، پلانیان داناوە بۆ سەری ساڵ ڕێوشوێنە ئەمنییەکان توندوتۆڵ و پتەوتر بکەن.

سەرباری ئەوەی لە پارێزگای هەولێر، هیچ ئاهەنگێکی گشتی و فەرمیی سەری ساڵ، بە هۆی ڕێزگرتن لە گیانی قوربانییانی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی سۆران و حەمدانییە بەڕێوەناچێت، بەڵام دەزگە پەیوەندیدارەکان، دەرچوونی خەڵک و ئاهەنگە تایبەتەکان ئاسایشمەند دەکەن.

ڕامی نووری، قایمقامی قەزای عەنکاوە لە شاری هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوتووە:"هیچ ئاهەنگێکی فەرمی لە شارەکەماندا ناگێڕدرێت، بەڵام پلانی ئەوەمان هەیە لەڕووی ئاسایشەوە، سەرپەرشتیی سەقامگیری و ئاسایشی خەڵک بکەین، کە خۆیان ئاهەنگی سەریساڵ دەگێڕن."

لە هەرێمی کوردستاندا، چوونەدەرەوەی خەڵک لە سەری ساڵدا بووەتە دیاردەیەکی گشتی و بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ئەو پشووە وەکوو دەرفەتی خۆشیدەربڕین بەکار دەهێنن.

عەقید هێمن حەمەدەمین، گوتەبێژی گشتیی هاتووچۆی هەولێر، لەسەر ئەم پرسە گوتی: "بۆ ڕێکخستی هاتووچۆ، ئەمساڵیش پلانی تۆکمەمان بۆ سەرپەرشتیی هاتووچۆ داناوە، تەواوی ئەفسەر و کارمەندان و بەشەکانمان دەخەینەگەڕ، تاکوو هاتوچۆ باش بەڕێوە بچێت و گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت."

1ـی کانوونی دووەم لە ڕۆژژمێری گریگۆری، بە سەریساڵی زایینی دادەنرێت، ئەمەش بووەتە بۆنەیەکی جیهانی و خەڵک لە تێکڕای وڵاتان، ئاهەنگ و خۆشیی خۆیانی تێدا دەردەبڕن.

Fly Erbil Advertisment