ئیسرائیل: دوو سەربازی خۆمان 'بە هەڵە' کوشت

K24 - هەولێر
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، دوو سەربازی خۆیان بەهەڵە لە باکووری غەززە کوشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26-12-2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی "بۆردوومانی هەڵە" بۆ سەر یەکێک لە باڵەخانەکانی باکووری غەززە، دوو سەربازی خۆیان کوشتووە.
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، ئەو دوو سەربازەی "بەهەڵە" کوژراون ئەندامی کەتیبەی پیادەی سوپا بوون و لەلایەن تانکەکانیانەوە بەهەڵە بۆردوومانکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە غەززە بەرپرسانی ئیسرائیل نایشارنەوە، لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە شەڕێکی قوڕسدان و تاوەکو ئێستاش لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا 489 سەربازیان کوژراون. بەرپرسانی حەماسیش لەبارەی بەردەوامبوونی شەڕەکەوە ئاماژە بەوە دەدەن، ئەمەریکا لە بە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە؛ لە کوشتنی فەڵەستینییەکاندا بەشدارە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی بەردەوامبوونی شەڕەوە رایگەیاند، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە و لە شەڕکردن بەردەوام دەبن.
لەلایەکی دیکەوە لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار و 400 فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 54 هەزار و 36 دیکەش برینداربوونە.