2024 ساڵی ئالنگاری و تاقیکردنەوە سەختەکان دەبێت بۆ عێراق

عێراق لە بەردەم 15 ئالنگاریدایە

ئاڵۆزییەکانی عێراق - وێنە: ئەرشیف
ئاڵۆزییەکانی عێراق - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

هەرچەندە ساڵی 2023 بە ئاسانی بۆ عێراق تێنەپەڕی لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق بە پشتیوانی ئەو هاوپەیمانییەتەی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی لەنێوان کورد، شیعە و سوننە پێکهات خۆی گەیاندە کۆتایی ساڵەکە بەڵام هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان و ئالنگارییە چاوەڕوانکراوەکان، عێراق دەباتەوە بەردەوام دۆخێکی قوڕس و زەحمەت لە ساڵی 2024.

کێشە هەڵپەسێردراوەکانی عێراق کە لە 2023 چارسەرنەکران، کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەکاتەوە لە ساڵی داهاتوو لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری و سیاسیی، هاوکات لە رووی پەیوەندییەکان و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کایەکانی حکومەت دەخاتە مەترسییەوە.

ئەم ئالنگاری و تاقیکردنەوەی چاوەڕێ دەکرێت لە 2024، ساڵێکی سەخت بێت بۆ عێراق، تەنیا ئاراستەکانی رووی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە حکومەتی عێراقە نییە، بەڵکو هەموو سەرۆکایەتییەکانی دیکە بە تایبەتی دەسەڵاتی یاسادانانی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری لە دادگای فیدراڵی تا دامەزراوەکانی دیکە، بەگوێرەی پرسەکان رووبەڕووی بەرپرسیاریەتییان دەکاتەوە.

یەکەم: رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ماددەهۆشبەرەکان

پرسی گەندەڵی و ماددەهۆشبەرەکان، دوو دۆسیەن چەندین ساڵە یەخەی عێراقیان گرتووە و ساڵ لە دوای ساڵیش مەترسی و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق زیاتردەبن، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سنوورێک بۆ زیاتر تەشەنەکردنی گەندەڵی و بڵاوبوونەوە و بارزگانیکردن بە ماددەهۆشبەرەکان دابنێت.

لە ساڵی 2023 پرسی دزی کە دیارنەمانی سێ ترلیۆن دینار بوو، جگە لە ئاشکراکردن و بەدواداچوونی دەیان دۆسیەی دیکەی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراق کە چەندین ملیار دینار لە خەزێنەی گشتی بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان و گەندەڵی لە پرۆژە و خەرجییەکاندا، یەکێک بوو لە گەرمترین دۆسیەکان لەسەر ئاستی عێراق بەڵام رێکارەکانی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری لە یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسانە بە ئەنجام نەگەیشتووە.

هەر لە 2023، عێراق دەیان تۆن ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆری لەناوبردووە لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ یەکەمجار کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لە باشووری عێراق ئاشکراکرا و دەستی بەسەردا گیرا، ئەمەش پێشهاتێکی نوێی مەترسیداربوو لەوەی عێراق لە قۆناغی ئاڵوگۆڕ و بازرگانی بە ماددەهۆشبەرەکان چووەتە قۆناغی بەرهەمهێنان، بەشێوەیەک عێراق هەرچەندە کێشەی لە پاراستنی سنوورەکان هەبوو بۆ رێگریکردن لە هێنانی ماددەی هۆشبەر، لە ناوخۆشدا ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە بۆ رێگریکردن لە گرووپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.

دووەم: پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی 4ـی نیسان، بە ئاراستەیەکی ئەرێنی هەنگاوینا و پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیش تا رادەیەکی باش پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا جێگیرکرا، بەڵام پابەندنەبوونی حکومەتی عێراق بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە وایکردووە، ساڵی 2024، ساڵی یەکلاکەرەوە بێت لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان.

هەروەها دەستپێنەکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، زیانێکی ئابووری زۆری بە عێراقیش گەیاندووە، بۆیە لە دوای سەری ساڵ گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سرووشتییەکان بەردەوام دەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کرێی بەرهەمێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکان.

هەردوو پرسی بەشەبودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە هەیە، بۆیە لەم پرسەدا، جگە لە رێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، بەرپرسایەتی لە گۆڕەپانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی هەموارکردنەوەی یاساکە و دواتریش لە پەرلەمانی عێراق کار بۆ پەسەندکردنی بکرێت.

سێیەم: رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئەمەریکا

لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2023، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە و ئامانجەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا زیاتر بووە و چەند جارێک لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، هەریر و بنکەی عەین ئەسەد، بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆردومانکران و لە بەرامبەریشدا، سوپای ئەمەریکا چەند جارێک گرووپە چەکدارەکانی بۆردومانکرد بەتایبەتی لە کەرکووک و بابل.

هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی دژی هێرشی گرووپە چەکدارەکانە، بەڵام لەسەر زەوی راستییەکی دیکە هەیە کە ئەویش ئەوەیە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانە و راگرتنی هێرشەکانیان نییە، بۆیە لەژێر فشاری ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە کاتێکدا هێشتا هەڕەشەکانی تیرۆر و بوونی داعش لە ناوچەکە بەردەوامە، عێراق ناچاردەکات لە 2024 ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە.

چوارەم: یاسای نەوت و غاز

یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەت کە لە پەرلەمانی عێراقیش پەسەندکرا، دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندنەکراوە تاوەکو رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.

پێنجەم: دیاریکردنی جێگرەوەک بۆ حەلبووسی

دوای ئەوەی رۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە ئەو پرسە بۆ دوای سەری ساڵی نوێ دواخراوە.

لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە ماوەی پشووی یاساییدایە و لەژێر فشاری لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چەند جارێک پەرلەمانی عێراق هەوڵی کۆبوونەوەی نائاساییدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان، بەڵام فراکسیۆنەکانی پەرلەمان نەگەیشتنە رێککەوتن و دانیشتنەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخران.

شەشەم: دانانی پارێزگارەکان و پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان

دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سەرەتای ساڵی نوێ گفتوگۆی لایەنەکان بە چڕی دەستپێدەکات بۆ دیاریکردنی پارێزگارەکان و دابەشکردنی پۆستەکانی بەڕێوەبردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان.

لەسەر ئاستی بەشێک لە پارێزگاکان لایەنی براوە ئاشکرابووە، بەڵام لە ئەگەری دروستبوونی هاوپەیمانی نوێ بەتایبەتی لە هەندێک پارێزگا لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە چەند لیستێکی ئاشکرا و سێبەر بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردبوو، ئەگەری ئەوە هەیە کە هاوکێشەکان بگۆڕێت.

حەوتەم: ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی

پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراقدا لە دوای رووخانی رژێمی پێشووەوە بووەتە یەکێک لەو پرسانەی رووبەڕووی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێراق بووەتەوە بەڵام لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوونەبوون. بەگوێرەی بڕیارێکی کابینەکەی سوودانی، بڕیارە لە 2024 پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراقدا بەڕێوەبچێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکارییەکان دەستیپێکردووە بەڵام دۆخی ئەمنی و ئابووری و سیاسیی عێراق بڕیاردەدات لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە بۆیە ئالنگارییەکی دیکەیە لەبەردەم کارەکانی حکومەتی عێراق.

هەشتەم: دەستپێکردنی رێگەی گەشەپێدان

رێگەی گەشەپێدان پێکهاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە رێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق، دەروازەی پێشابوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن. گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2024 دەستپێبكات و لە 2028 کۆتایی پێبێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

ئالنگاری ناوخۆیی لە بەردەوم ئەو پرۆژەیەدا، دۆخی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ناسەقامگیری سیاسییە، هەروەها بەهۆی داڕشتنی نەخشەی رێگەکە بۆ ئەوەی بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە تێپەڕنەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە ئاراستەی رێڕەوەکە دەستکاری بکرێت و بە سنووری هەرێمی کوردستانەوە دەربازی وڵاتی تورکیا بێت، کە تاوەکو ئێستا بەغدا وەڵامی ئەو پێشنیازەی بە فەرمی نەداوەتەوە.

هاوکات دۆخی ئاسایشی ناوچەکە بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا، مەترسییەکی دیکەن لەسەر سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە لە دۆخی ئێستادا، هەروەها ئارەزووی تورکیا بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیە، ئالنگارییەکی دیکەیە، ئەگەر لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران رێککەوتن نەکات لە ئەگەری وەرگرتنی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە، کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە عێراق.

نۆیەم: چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە

لە ناوەڕاستی ساڵی 2023، پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی فیدراڵی بە کورتهێنانی 48 ملیار دۆلار پەسەندکرد، ئەگەرچی نرخی بەرمیلێک نەوت گرانتر بوو لەوەی لە بودجەدا کە بە 70 دۆلار دیاریکراوە بەڵام بەهۆی ناجێگری بەهای دینار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی پرۆژەکان و خەرجییەکانی دیکە، عێراق لە بەردەم ئالنگاری کورتهێنانی بودجەدا مەترسی قەیرانێکی نوێی ئابوورییە لە ساڵی نوێدا، لە کاتێکدا لە چوارچێوەی رێککەوتنی رێکخراوی ئۆپێک پڵەسیش رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی سنووردار کراوە.

دەیەم: ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار

بەهۆی رێکارەکانی وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدراڵی ئەمەریکا لە ساڵی 2023، حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق ناچاربوون بە گرتنەبەری رێکاری نوێ بۆ پرسی ئاڵوگۆڕی دراو و خستەنە بازاڕی دۆلار و رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی دۆلار بەشێوەی کاش بۆ دەرەوەی وڵات.

بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی 160 هەزار دیناری تێپەڕکرد لە بازاڕەکانی عێراق و بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکییەوەش، زیاتر لە 14 بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلار قەدەغەکران. هەر لە درێژەی رێکارەکانی حکومەتی عێراق، بڕیاردراوە لە سەرەتای ساڵی نوێوە، هەموو مامەڵە داراییەکان تەنیا بە دینار بکرێت و ئەمەش بەکارهێنانی دۆلار لەناوخۆی عێراق زیاتر سنووردار دەکات.

یازدەیەم: کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و بەبیابانبوون

مانەوەی دۆسیەی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا بە هەڵپەسێردراوی و بەردەوامی کاریگەییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، وایکرد ساڵی 2023 مەترسییەکی زۆر لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە دروست بێت و ناچاری کۆچکردنی کردن بۆ شارە گەورەکان.

بەگوێرەی لێدوانێکی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما، ساڵانە نزیکەی هەشت ملیار مەترسێجا ئاو لە عێراق بە هەڵم دەبێت و راشیگەیاند ساڵی 2023 ساڵێكی سەخت بووە بۆ عێراق و ئاشکرایکرد، ئێستا هەڕەشە لەسەر رووباری فورات هەیە.

بەگوێرەی ئامارێکی رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی، تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ، 12 هه‌زار و 212 خێزان كه‌ ده‌كاته‌ 73 هه‌زار و 272 كه‌س به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ له‌ 10 پارێزگای عێراق ناچار به‌ كۆچكردن بوونه‌ته‌وه‌. هەروەها رێکخراوە بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرێوەبەری دەریاچەی حەبانییە، وشكه‌ساڵی ده‌ریاچه‌ی ده‌ستكردی حه‌بانییه‌ی رووبه‌ڕووی له‌ناوچوون کردووەتەوە و تا ئێستا 80%ـی ئاوه‌كه‌ی به‌وهۆیه‌وه‌ کەمیکردووە‌.

هەروەها لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، گەورەترین وشکەساڵی لە مێژوودا رووی لە عێراق کردووە، کە زیاتر لە حەوت ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلدراوە کەمیکردووە کە دەکاتە 70%ـی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ولاتی ئێران تەنیا 20% و وڵاتی تورکیاش 80% ئاوی عێراق بەردەدەنەوە.

دوازدەیەم: ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەکان

دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2021 و بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سەرجەم پۆستەکانی بەرکەوتەی پێکهاتەی شیعە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پڕکرانەوە، بەڵام تائێستا شەقام بە دەستی سەدرییەکانەوەیە و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، بە پەیامێکی موقتەدا سەدر، سەدرییەکان رژاونەتە گۆڕەپانی تەحریر و ناوچەی سەوز.

گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ خۆپیشاندان لە دژی حکومەت لە هەر کاتێکدا ئەگەرێکی کراوەیە و دوای دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکانیش، ئەگەر رەوشی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاووڵاتییان و گرانی بازاڕ وەک ئێستا بمێنێتەوە لە کاتێکدا ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە زۆر لاوازە، بۆیە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی سەدرییەکان دژ بە حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی یەکێکی دیکە دەبێت لە ئالنگارییەکانی بەردەم کابینەکەی سوودانی.

سێزدەیەم: جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و پاراستنی سەروەری عێراق

رۆژی (9ـی تشرینی یەکەمی 2020) بەچاودێری هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژووکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە، بەڵام دوای زیاتر لە سێ ساڵ تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق سەرکەوتوونەبووە لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.

ئەم رێککەوتنەش دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنەوەی شنگال هات لە ئۆپراسیۆنێکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی لە (13ـی تشرینی دووەمی 2015) کە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لە سەرەتای مانگی ئابی 2014، رووبەڕووی پەلاماری چەکدارانی داعش بووەوە و جینۆسایدی ئێزدییەکانیان کرد.

دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران، بەشێوەیەکی گشتی هێرش و بۆردەمانەکانی ئێران بە بیانووی بوونی بارەگای پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رۆهەڵاتی کوردستان چارەسەرکرا، بەڵام بەهۆی بوونی بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، بۆردومان و سنووربەزاندنی سوپای تورکیا لە ناوچەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا بەغدا نەیتوانیوە بگاتە رێککەوتن لە ئەنقەرە بۆ رێزگرتن لە سەروەری خاکەکەی، ئەمەش چاوەڕوان کراوە لە 2024 بەردەوام بێت.  

چواردەیەم: ململانێی سوننەکان و دژایەتیکردنی حەلبووسی

جیاوازی نێوان لایەنە سوننەکان لە 2023 گەیشتە لوتکەی دژایەتیکردن و شکاندنی یەکتر، هەر بەهۆی سکاڵای پەرلەمانتارێکی سوننەوە دادگای فیدراڵی بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی دەرکرد و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش دابەشبوونی سوننەکان بەسەر چوار لیست (تەقەدووم، سیادە، حەسم و عەزم) لەگەڵ بوونی چەند لیستێکی دیکە و بەدەستهێنانی دەنگێکی زۆر لەلایەن حەلبووسییەوە، جیاوازییەکانی نێوان سوننەکانی قوڵتر کردەوە.

سکاڵاکان لەسەر حەلبووسی و تۆمەتبارکردنی بە چەندین دۆسیەی جیاواز، لە 2024 بەردەوام دەبێت کە 2023 کۆتاییان نەهات، بەڵام لایەنەکانی دژی حەلبووسی، لە هەنگاوی قەدەغەکردنی لە کاری سیاسی و رەتکردنەوەی پارتەکەی لە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن سەرکەوتوونەبوون، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت، بەردەوامی ململانێی سوننەکان و دەستوەردانی ناوچەیی لە پرسی ناوخۆیی سوننەکان، ئەگەری دروستکردنی کاریگەری هەیە لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

پازدەیەم: پرسی پێکهێنانی هەرێمەکانی بەسرە و سوننەکان

ئەگەرچی لە دەستووری عێراق سیستمی فیدراڵی جێگیرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جگەلە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان، رێگە بە پێکهێنانی هیچ هەرێمی دیکە لە عێراق نەدراوە، هەرچەندە لەسەر ئاستی پارێزگا سوننەکان و بەسرە هەوڵی پێکهێنانی هەرێم هەبووە.

خراپی رەوشی خزمەتگوزاری و سوودوەرنەگرتن لە سامانی سرووشتی و داهاتەکەی لەو پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و ئەوانەی خاوەنی بەندەر و دەروازەی سنووری و ناوچەی کشتوکاڵی و پیشەسازی گەورەن، وایکردووە، پارێزگاکان داوای بە هەرێم بوون بکەن بۆ ئەوەی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بتوانن لە گشت بوارەکاندا بەشێوەیەکی ئازادانەتر و دەستکراوەتر گەشەپێدانی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.