لە شەقڵاوە بۆ سەری ساڵ هەموو رێکارەکان گیراونەتە بەر

K24 - هەولێر
قایمقامی شەقڵاوە رایگەیاند، هەرچەندە ئەمساڵ بە فەرمی هیچ مەراسیمێک لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەناچێت، بەڵام بە مەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیاران و سەلامەتی خەڵک هەموو رێکارەکان گیراونەتە بەر.
کاروان کەریم خان قایمقامی شەقڵاوە، بە کوردستان24ـی گوت: "جەژنی لە دایکبوونی مەسیح و سەری ساڵی نوێ گرنگی خۆی هەیە بۆ شەقڵاوە، بەوپێیەی قەزای شەقڵاوە بەو شوێنێکی گەشتییارییە، لە رۆژانی پشووی سەری ساڵ وەک هەموو بۆنەکانی دیکە میوانداری گەشتییاران دەکات".
گوتیشی: "بەشێکی زۆری دانیشتووانی شەقڵاوە لە پێکهاتەی کرستییانن، بۆیە رۆژانی پشوو بۆ شەقڵاوە بە جەژن هەژمار دەکرێت، ئەویش بەهۆی ئەو پێکەوەژیانە خۆڕسکە و تێکەڵاوییەی پێکهاتەی موسڵمان و کرستییانەکان، چونکە هەموو جەژنەکان پێکەوە لە یەکتر پیرۆز دەکەن".
کاروان کەریم خان، راشیگەیاند: "سەرەڕای پشووی فەرمی، تیمە خزمەتگوزارییەکان و ئێشکگرییەکان لە فەرمانگەکانی حکومەت لە ئەرک و خزمەتی بەردەوامدان، لیژنەی ئەمنی شەقڵاوە بەر لە پشوو کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە، دەزگا ئەمنییەکانیش رێككاریان بۆ سەلامەتی و پاراستنی هاووڵاتییان و گەشتییاران گرتووەتە بەر".
دەشڵێت: "بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سۆران و حەمدانییە، ئەمساڵ بە فەرمی هیچ رێوڕەسمێک لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام نادرێت، جگە لە مەراسیمی ئایینی کە خەڵکی خۆیان ئەنجامی دەدەن".
ئا: لاڤین عومەر