جۆن کێربی: ئەمەریکا زۆر نیگەرانە لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران

دامەزراوەی فاردا بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران
دامەزراوەی فاردا بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران

K24 - هەولێر

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، پشتڕاستی کردەوە کە ئەمەریکا "زۆر نیگەرانە" لە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە زیادبوونی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، "هەڵکشانی ئەتۆمی ئێران کاریگەر و نیگەرانکەرە، لە کاتێکدا بریکارەکانی سەر بە ئێران بەردەوامن لە چالاکییە مەترسیدار و ناسەقامگیرکەرەکانیان لە ناوچەکەدا، لەوانە هێرشەکەی ئەم دواییەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەوڵدان بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان لە عێراق و سووریا، لەلایەکی دیکەوە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور".

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئێران خاوبوونەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ماوەی چەند مانگێک پێچەوانە کردەوە، بۆ پاککردنەوە بە رێژەی 60% کە نزیکە لەو ئاستەی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

ئاژانسەکە لە بەیاننامەیەکدا کە کورتەیەک لە راپۆرتێکی نهێنی پێشکەشی وڵاتانی ئەندام دەکات، کە رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، ئێران "بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیادکردووە، ئەمەش پێچەوانەی کەمکردنەوەکەی پێشووی بەرهەمهێنانە، کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2023ەوە دەستیپێکردووە".

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدوای خاوبوونەوەکە، لە دامەزراوەکانی نەتەنز و فۆردۆ، یۆرانیۆمیان زیاتر پیتاندووە بۆ لەسەدا 60 بە رێژەی بەرهەمهێنانی نزیکەی سێ کیلۆگرام لە مانگێکدا.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "ئاژانسەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئێران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی هێکسافلۆرایدی پیتێنراوی تا 60%ی یۆرانیۆم-235 بۆ نزیکەی 9 کیلۆگرام لە مانگێکدا زیادکردووە، کە لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەرەوە لەم دوو دامەزراوەیە ئەنجامی داوە".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پشکنەرانی دەزگاکە بۆ یەکەمجار لە 25ـی تشرینی دووەمدا سەرنجیان بە گۆڕانکارییەکان لە بەرهەمهێنانی دامەزراوەی فۆردۆ داوە. پاشان ئێران رایگەیاند، کە گۆڕانکارییەکە لە 22ـی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکردووە و رێژەی بەرهەمهێنان گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش خاوبوونەوە.

زۆرێک لە دیپلۆماتکاران پێیان وایە خاوبوونەوەکە، لە مانگی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە، پەیوەندی بە دانوستانە نهێنییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە هەبووە، کە بووە هۆی ئازادکردنی ئەو ئەمەریکییانەی لە سەرەتای ئەمساڵدا لە ئێران دەستگیرکرابوون.

ئێران لە ئێستاوە خاوەنی بڕێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی لەسەدا 60، ئەگەر تا رادەیەکی زیاتر پیتێنراو زیاد بکات، ئەم بەس دەبێت بۆ دروستکردنی سێ بۆمبی ئەتۆمی.

Fly Erbil Advertisment