هیومان رایتس وۆچ: ئەمە یەکەم جارنییە ئیسرائیل هەڵگری ئاڵا سپییەکان دەکوژێت

K24 - هەولێر

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، رایگەیاند، کوشتنی هەڵگری ئاڵا سپییەکان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە، یەکەمجار نییە، ئەمەش کێشەی بنەڕەتی پەیوەست بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی دەوروژێنێت.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "هێزەکانی سوپای ئیسرائیل تەقەیان لە بارمتە ئیسرائیلییەکان کردووە لە غەززە کوشتیانن، هەرچەندە ئەو بارمتانە ئاڵای سپییان هەڵگرتبوو، ئەمەش کێشە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئێستادا دەوروژێنێت".

رێکخراوەکە راشیگەیاند، "هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بە تەواوی قەدەغەیە"، هەروەها قەدەغەیە هێرش بکرێتە سەر ئەو چەکدارانەی کە نیازی خۆ رادەستکردنەوەیان رادەگەیەنن، یان ئاڵای سپی هەڵدەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای ئیسرائیل پێشتر ئەو هاووڵاتییە مەدەنییە فەڵەستینیانەی دەکردە ئامانج کە ئاڵای سپییان هەڵگرتبوو".

گوتیشی: "لە ساڵی 2009دا، حەفت رووداو لە کاتی شەڕدا تۆمار کردووە، کە تیایدا سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی نایاسایی تەقەی لە 11 هاووڵاتی مەدەنی فەڵەستینی کردووە، کە بە کۆمەڵ ئاڵای سپییان هەڵگرتبوو، قوربانییەکانیش پێنج ژن و چوار منداڵیان تێدابوو".

گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیلی رایگەیاند، رۆژی هەینی 15-12-2023، سوپای ئیسرائیل لە گەرەکی "ئەلشوجاعییە" سێ بارمتەی بەهەڵە کوشتووە، کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەستگیر کرابوون.

هەروەها رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی "بۆردوومانی هەڵە" بۆ سەر یەکێک لە باڵەخانەکانی باکووری غەززە، دوو سەربازی خۆیان کوشتووە.

بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی کەرتی غەززە و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری رابردوو، سوپای ئیسرائیل شەڕێکی وێرانکەری بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، کە زیاتر لە 20 هەزار کوژراو و زیاتر لە 54 هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە بۆ"چاودێری کردن و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ"، بارەگای سەرەکی لە نیویۆڕکە و لەساڵی 1978 دامەزراوە.