دژە تیرۆری عێراق: داعش هەوڵ دەدات بگاتە ناوچە ئارام و دوورە دەستەکان

K24 - هەولێر
گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایدەگەیەنێت، داعش هەوڵ دەدات بگاتە ناوچە ئارام و دوورە دەستەکان و "ئێمەش لە هەموو شوێنێک رووبەڕوویان دەبینەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-12-2023، سەباح نەعمان، گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هەوڵ دەدات بگاتە ناوچە ئارام و دوورە دەستەکان بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەدوور بگرێت".
گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵی دەزگا هەواڵگیرییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەکدارانە بەردەوامە و لە هەموو شوێنێک رووبەڕوویان دەبینەوە".
وەکو ئەوەی سەباح نەعمان باسی کرد، "دەزگای دژە تیرۆری عێراق توانیویەتی لە ماوەکانی رابردوودا سوود لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان وەربگرێت و، توانراوە لەو رێگەیەوە رووبەڕووی هەموو ئەو هێزانە ببینەوە."
گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق جەختی کردەوە، "لە ماوەی ساڵی داهاتوودا لە هەموو ناوچەکانی عێراق هەوڵەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش چڕتر دەکەینەوە".