گرافیک... هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا

K24 – هەولێر

لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، تائێستا 105 جار هێرش لە عێراق و سووریا کراوەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا کە 45 هێرش لە عێراق و 56 هێرشیش لە سووریا.

هێرشەکان لە رێگەی درۆن، مووشەک و هاوەن ئەنجامدراون، ئەمەریکا دەڵێت: ئەو هێرشانە لەلایەن گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن.

بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە ئەنجامدەری هێرشەکانە، رایگەیاندووە، لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، داواش دەکات هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، کە لە ساڵی 2011ـەوە یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پەسندکراوە و مشتومڕی لەنێوان لایەنە عێراق دروستکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تائێستا 70 ئەندامی هێزەکانی ئەمەریکا بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان برینداربوونە.

ئەو بنکانەی ئەمەریکا کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان کراونەتە ئامانج بریتین لە: بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، فڕۆکەخانەی هەریر، بنکەی سەربازی تاجی لە بەغدا، عەین ئەسەد لە رۆژئاوای بەغدا کە گەورەترین بنکەی ئەمەریکایە لە عێراق.

هەروەها لە سووریا چەندین بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا کراونەتە ئامانج وەک: بنکەی شەدادی، تەل بەیدەر، رمێلان، کێڵگەی گازی کۆنیکۆ، گوندی ئەخزەر، کێڵگەی عومەر، تەنەف، بنکەی روکبان.