سەرۆکی کوبا: ئیسرائیل دەیەوێت مرۆڤایەتی زەلیل بکات
K24 - هەولێر
میگێل دیاز کانێل سەرۆکی کوبا ئەو کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە تیرۆریستی وەسف کردوو و ئامانجی زەلیلکردنی هەموو مرۆڤایەتییە.
میگێل دیاز کانێل سەرۆکی کوبا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئەو کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیلی تیرۆریست لە کەرتی غەززە ئەنجامی داوە، زەلیلکردنی هەموو مرۆڤایەتییە، تا کەی ئەم بێ سزاییە بەردەوام دەبێت، وە تا کەی ئازادییەکی تەواو بۆ کوشتن دەبێت؟".
کانێل ئاماژەی بەوەشکرد: "کوبا هەرگیز یەکێک نابێت لەو کەسانەی چاویان لەم تاوانانە دادەخەن، هەروەها بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە فەڵەستین و مافەکانی گەلی فەڵەستین".
سەرۆکی کوبا یەکێکە لە بەرگریکارانی گەلی فەڵەستین و مانگی رابردووش خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی بۆ پشتیوانی لە فەڵەستین لە هاڤانا پایتەختی کوبا رێکخست.
قسەکانی کانێل دوای ئەوە دێت کە ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل ماوەی 82 رۆژە لە کەرتی غەززە بەردەوامە، هەروەها بەچڕی بۆردومانی ئەوشارە دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی کەرتی غەززە و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری رابردوو، سوپای ئیسرائیل شەڕێکی وێرانکەری بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، کە زیاتر لە 20 هەزار کوژراو و زیاتر لە 54 هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن.