ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسێک لە دهۆک دروست دەکرێن و تێچووەکەیان زیاتر لە 13 ملیار دینارە

K24 - هەولێر:

لە پارێزگای دهۆك، پڕۆژەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی شەقامی بارزان، كە لە دوو رێڕەوی پێچكردنەوە "یوتێرن" پێكدێت، بە گوژمەی 13 ملیار و 150 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت و له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 27ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) بڵاویكرده‌وه‌، بەگوژمەی 13 ملیار و 150 ملیۆن دینار، پرۆژەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی شەقامی بارزان لە دهۆک جێبەجێ دەکرێت.

پێشتریش نەورۆز ئەحمەد، ئەندازیاری پڕۆژەكە به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیای و زانیاری رایگەیاندبوو، ئەو پڕۆژە لە دوو یوتێرن پێکهاتووە، یەکێکیان لە نزیک خواردنگەی گەڤەرکییە و ئەوەی دیکەش دەکەوێتە نزیک شندۆخ ماوەی 450 رۆژ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دیاریكراوە، لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو هەمووی تەواو دەكرێت.

گوتبوشی: "پڕۆژەكە بە گوژمەی 13 ملیار و 150 ملیۆن دینارە و لەسەر ئەركی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێ دەكرێت، بە تەواوبوونی پرۆژەكەش، شەقامی بارزان لە دهۆك، قەرەباڵغیی زۆری لەسەر نامێنێت و هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاسانتر دەبێت".

لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر، بۆ سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 29 نیسانی 2022، رەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 306 ملیار و 639 ملیۆن دینار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ بەپێی کارە ئەنجام دراوەکان.

ئەو بڕە پارەیە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت، ئەوەش بۆ مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی بەردەوام پێشنیارکراوەکان.

67
6
56
78
6
56