بەهۆی بارانبارین سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بووژاونەتەوە

K24 – کۆیە:
لە سنووری راپەرین بەنداوی سەروچاوە و لەسنووری کۆیەش بەنداوی سماقوڵی کە هەشت ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆدەکاتەوە، بەھۆی ئەو شەپۆلە بارانەی سەرەتای ئەم ھەفتەیە ھەرێمی کوردستانی گرتەوە سەرڕێژبوونە.
شێرزاد عەلی، دانیشتووی سەروچاوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، خۆی ساڵانە زیاتر لە مانگی 3 ئاوی بەنداوی سەروچاوە سەررێژدەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆر و گۆڕانکاری کەشوهەوا لە مانگی 12 ئاوی بەنداوەکە سەرڕێژبووە.
بەنداوی سماقوڵیش سەرڕێژی کردووە و پڕبووە، ئێستا بەنداوەکە هەشت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
سەید فوئاد، خاوەنی چایخانە لە نزیک بەنداوی سماقوڵی، بە کوردستان24ـی گوت: ھەموو ساڵێک بەنداوەکە پڕ بووە، بەڵام ئەمساڵ بەنداوەکە زووتر سەررێژبووە، چونکە بارانی زۆر باش بارییوە.
سنووری راپەرین سەدان سەرچاوەی ئاوی سروشتی و کانی و کانیاوی لێیە کە ساڵانە لە مانگی ئازار بەشێکیان دەژێنەوە، بەڵام بە بارینی 100 بۆ 150 ملم باران لە ماوەی 48 کاتژمێردا، ئێستا ھەندێکیان ژیاونەتەوە و بەنداوەکان پڕبوونە.