رووسیا: ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بوونە هۆی کودەتای ئۆکرانیا

K24 - هەولێر
نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا رۆڵێکی سەرەکیان هەبوو لە جێبەجێکردنی کودەتا لە ئۆکرانیا.
ڤاسیلی نیبینزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی کۆبوونەوەیەکی نافەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوتی: رووسیا گومانی لەوە نییە کە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا رۆڵێکی سەرەکیان هەبوو لە بەکارهێنانی نازییەکان و ناڕەزایەتییەکانی کەمینەی دەنگی توندڕەو، ئەوان وەک ئامرازێک بۆ فشار و جێبەجێکردنی کودەتاکەی ئۆکرانیا لە ساڵی 2014، بەکارهێنران".
بە گوتەی ئەو دیپلۆماتکارە رووسییە، "سیاسەتمەدارانی رۆژئاوا و تۆماس ماسی ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا، دانی بەوەدانا کە ئەمەریکا یارمەتی رووخاندنی حکومەتی ئۆکرانیایداوە".
لە 21ی تشرینی دووەمی 2013 ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی حکومەتی ئۆکرانیا، سەریهەڵدا کە بە رووداوەکانی "مەیدانی ئەوروپا" ناودەبرێت، ئەم ناڕەزایەتییە بە خێرایی گۆڕا بۆ رووداوی خوێناوی و لە مانگی شوباتی 2014 بە کودەتایەک لە دژی حکومەتی هەڵبژێردراو کۆتایی هات.
ئا: لاڤین عومەر