20 ملیۆن ئوتۆمبێلی کۆن لە ئێران فڕێدەدرێن

بیست ملیۆن ئوتۆمبێلی کۆن لە ئێران فڕێدەدرێن (وێنە: AP)
بیست ملیۆن ئوتۆمبێلی کۆن لە ئێران فڕێدەدرێن (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

لە ئێران نزیکەی 20 ملیۆن ئوتۆمبێلی کۆن دەبێت فڕێبدرێن. سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران دەڵێت، لەم وڵاتە 40 ملیۆن ئوتۆمبێل هەن کە نیوەیان زۆر کۆنن، کەڵکیان نەماوە و هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی قوربانییانی هاتووچۆن.

زیاتر لە 20 ملیۆن ئوتۆمبێل لە ئێران ئەوەندە کۆنن کە کەڵکیان نەماوە و دەبێت فڕێبدرێن. ئەمە قسەی کەماڵ هادیانفەڕ سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێرانە. بە گوتەی ئەم بەرپرسە، 40 ملیۆن ئوتۆمبێل لەم وڵاتە هەن کە زیاتر لە سەدا 47ـی ئەم ئوتۆمبێلانە کۆنن و کەڵکیان نەماوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کورستانیش بە هۆی هەژاریی زیاتری هاووڵاتیان لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران، ژمارەی ئوتۆمبێلە کۆنەکانیش زیاتر لە ناوچەکانی دیکەیە.

باقی توانا، فیتەرە و دەڵێت: "ئەم ئوتۆمبێلە کۆنانە هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی ژمارەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆن. بە گوتەی سەرۆکی پۆلیسی ئێران لە نێوان 9 تا 11ـی بودجەی ئێران بە هۆی ئەم ئوتۆمبێلانەوە بە فیڕۆ دەچێت. جیا لەم زیانە گشتییەی ئەم ئوتۆمبێلانە بە ئابووریی ئەم وڵاتەی دەگەیەنن، زیانێکی زۆریشیان بۆ خاوەنەکانیان هەیە".

ناسیح خۆشکەلام، هاووڵاتییەکی ئێرانە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئەم ئوتۆمبێلە کۆنانە سەدا 30 زیاتر لە ئوتۆمبێلە نوێیەکان بەنزین دەسووتێنن و لە نێوان پەنجا تا سەد ئەوەندەی ئوتۆمبیلێکی نوێش دووکەڵ بەرهەم دێنن و دەبنە هۆی پیس بوونی ژینگە. بەم هۆیەشەوە ساڵانە زیاتر لە 26 هەزار کەس گیان لەدەست دەدەن".

Fly Erbil Advertisment