سه‌در په‌یامێك ئاراسته‌ی كریستیانه‌كانی عێراق ده‌كات

K24 - هەولێر:
موقتەدا سەدر، رێبه‌ری رەوتی سەدر به‌بۆنه‌ی جەژنی سه‌ری ساڵی زایینی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا هیوای پاراستن و ده‌سته‌به‌ری ئاسایش له عێراقێكی سه‌ربه‌خۆ و دوور له گه‌نده‌ڵی بۆ كریستیانه‌كان ده‌خوازێت.
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له په‌یامه‌كه‌یدا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) بڵاویكردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: "خه‌ریكه له سه‌ری ساڵی زایینی و جه‌ژنی كریستیانه‌كان نزیك ده‌بینه‌وه، دوای ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و ناخۆشییه‌ی له‌كاتی هێرشه‌كانی داعش بهسهریانداهات و ئه‌وه‌ی ئێستاش كه به‌هۆكاری دیكه به‌سه‌ریاندێت، ناتوانین پیرۆزبایی له خۆشه‌ویسته سته‌ملێكراوه كریستیانه‌كانی عێراق بكه‌ین".
سه‌در ده‌شڵێت: "له‌م بۆنه‌یه‌دا له خوای گه‌وره داواكارم ژێر رۆشنایی گوێڕایەڵی بۆ خودا و خۆشەویستی نیشتمان، هه‌روه‌ها لە ژێر رۆشنایی عێراقێکی سەربەخۆ و بێ ژێردەستەیی و گه‌نده‌ڵی، ئاسایش به كریستیانه‌كان ببەخشێت".
پێشتریش سەرکردەکانی کڵێساکانی عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاندبوو، ترسیان هەیە عێراق بەردەوام بێت لە نەگرتنەبەری رێوشوێنی جددی بۆ پاراستنی مافی مەسیحییەکان.
سەرکردەی کڵێساکانی عێراق راشیانگه‌یاندبوو، مەسیحییەکان کەمینە نین لە زێدی خۆیان، پێکهاتەیەکی هاوردەکراویش نین، رەگ و ریشەیان لە قووڵایی عێراقدایە، و بوونیان نەوەستاوە، مەسیحییەکان پێش سەرهەڵدانی ئیسلام و دوای سەرهەڵدانی ئیسلام، رەگ و ریشەیان لە مێژووی عێراق و میزۆپۆتامیادا هەبووە، ئەوان بەشێکی جەوهەری ئەم میراتە کولتووری و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە پێکدەهێنن.
ئەوان لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردبوو، مەسیحییەکان بە سرووشت و باوەڕی خۆیان، ئاشتیخوازن، مەیلیان بۆ توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵکو زیاتر بۆ خۆشەویستی و میهرەبانییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش تووشی فشار و هێرش و هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیان بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەوانەی کە توانایان هەیە کۆچ بکەن، بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان و داهاتووی منداڵەکانیان بپارێزن.
ئەمە سێیەم جارە کە مەسیحییەکانی عێراق لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئاهەنگەکانی رۆژی سەری ساڵ و رۆژی لەدایکبوونی مەسیح هەڵدەوەشێننەوە، وەک ئەوەی پێشتر پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان لە ساڵی 2019 رایانگەیاندبوو، ئاهەنگەکانی یادی لەدایکبوونی مەسیحیان لە عێراق هەڵوەشاندەوە، لەبەر رێزگرتن لە رۆحی شەهیدانی ئەو خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییانەی کە لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایەتیدا گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها لە ساڵی 2014 ئاهەنگی کریسمس وەک هاوسۆزی لەگەڵ خێزانە ئاوارەی مەسیحییەکان و کەسوکاری شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان لە سوپا و پێشمەرگە هەڵوەشایەوە، بەهۆی رووداوەکانی موسڵ لەو کاتەدا.
— مقتدى السيد محمد الصدر (@Mu_AlSadr) December 28, 2023