فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی گەڵاڵەیان لە شارباژێر بۆردومان کرد

گوندی گەڵاڵە
گوندی گەڵاڵە

K24 – شارباژێر:

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی گەڵاڵەیان لە شارباژێر بۆردومانکرد، هاوکات بەهۆی نزیکی بۆردومانەکەوە بەشێک لە خانووەکانی گوندەکە زیانیان بەرکەوتووە.

ئەمڕۆ هەینی (29ـی کانوونی یەکەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی گەڵاڵە لە قەزای شارباژێر بەشێك لە خانووەکانی گوندەکە زیانیان بەرکەوتووە.

هاوکات لەبارەی بۆردومانەکەوە، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتراستکردەوە و گوتی: بۆردومانەکە دوو کیلۆمەتر دوور بووە لە گوندێک بە ناوی ژاژۆڵانی نزیک لە  گوندی گەڵاڵە. ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە بۆردومانەکە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ په‌یامنێری كوردستان24 له‌ دهۆك رایگەیاند،  فڕۆكه‌ی جه‌نگییەکانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی له‌ گوندی خورپنیێ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی زاویته‌ كرده‌ ئامانج.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، ئه‌و گونده‌ 30 خوله‌ك له‌ سه‌نته‌ری پارێزگای دهۆكه‌وه‌ دووره‌.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی ئه‌مساڵ، 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.