پێشەوا هەورامانی: هەرێمی کوردستان هەرگیز بۆ وڵاتانی جیهان نابێتە مایەی هەڕەشە

K24 - هەولێر:
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە. گوتیشی: هەرێمی کوردستان هەرگیز بۆ وڵاتانی جیهان و ناوچەکە نابێتە مایەی هەڕەشە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەمیشە هەبووە، پێشتریش بەرامبەر هەرێم چەندین رووداوی هاوشێوە روویداوە بە تایبەت لە پارێزگای هەولێر، پێش ماوەیەکیش کە حاڵەتێکی لەم شێوەیە روویدا لیژنەی پەرلەمان و لیژنەی حکومەتی فیدراڵ سەردانی هەولێریان کرد خۆیان لێکۆڵینەوەیان کرد.
هاوکات راشیگەیاند، هەرخۆشیان لە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوەکرد، "کە هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیل لە هەولێر بوونی نییە و، هیچ بەڵگەیەکیش نییە ئاماژە بە هەبوونیان بکات".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پێش چەند رۆژێکیش ئەو هێرشە تیرۆرستیانە بۆ سەر هەولێر دووبارە بوویەوە، بە بیانوی ئەوەی بارەگای ئیسرائیل هەیە، کە ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەم گرووپە چەکدارانە تا ئێستا بوێری ئەوەیان نەبووە بچنە ناو شەڕەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بۆیە هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن.
پێشەوا هەورامانی، دەڵێت: هەر کێشەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات ئەو گرووپە چەکدارانە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیبەستنەوە بە هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەمەش بیانوی بێ بنەمان و هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لەو کێشە و ململانێیانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن.
گوتیشی: هەمیشە هەرێمی کوردستان ویستوێتی رۆڵێکی خێر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت، بەهۆی ئەوەی هەرێمەکەمان لە هەموو شوێنێک زیاتر قوربانی داوە لەو جەنگانەی کە رووبەڕووی عێراق و ناوچەکە بوونەتەوە.
هەورامانی سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بۆ هیچ ووڵاتێکی دراوسێ و جیهان نایەوێت ببێتە هۆی دروستبوونی هەڕەشە و کێشە بۆیان.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی کە ئەم هەرێمە وەک هەرێمێکی سەقامگیر و ئارام بێت و هاووڵاتیانی پارێزراو بن لە کێشە و ململانێ.
لە درێژەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئەقڵییەتەی کە کردەوەی تیرۆرۆستی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات، هەر ئەم ئەقڵیەتەش لەگەڵ ئەوەیە کە خەڵکی هەرێم لە رێگەی بەغداوە بودجە و قوتیان ببڕێت.
ناوبراو روونیکردەوە، هەر جارێک پێشوەچوونێک هەبووبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوا ئەم جۆرە گرووپانە هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە و فیتنەیان داوە، بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندی و گفتوگۆیانە شکست بهێنێت.