رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای هاوکاری زیاتر بۆ سوودان دەکات

K24 - هەولێر
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هاوکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی تەندروستی و مرۆیی لە سوودان زیاد بکەن.
تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە پلاتفۆرمی"X" رایگەیاند: پێویستە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی ململانێکان لە سوودان، کە قەیرانە مرۆیی و تەندروستییەکان بەرەو خراپتر دەبات، لەگەڵ ئاوارەبوونی سەدان هەزارکەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
گوتیشی: "رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هاوبەشەکانی وەڵامی پێداویستییە تەندروستییەکان دەدەنەوە، بەتایبەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی بەدخۆراکی، هەروەها داوای پشتیوانی دارایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییە بەپەلەکان بۆ دانیشتوان".
تیدرۆس، راشیگەیاند: "دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان بۆ گرووپە تەندروستییە بچووکەکان لە ویلایەتە زیانلێکەوتووەکانی سوودان پێویستە، چونکە %70ی دامەزراوە تەندروستییەکان بەهۆی ململانێکانەوە لەناو چوون".
ئا: لاڤین عومەر