گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار: پێشبینی ده‌كه‌ین له رۆژانی پشووی سه‌ری ساڵدا 200 هه‌زار گه‌شتیار روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن

K24 – هەولێر:
ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هاتنی گه‌شتیاران، رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پێشوازی له گه‌شتیاران ده‌ستپێكراوه، بۆ ئه‌مه زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه و چێشتخانه‌كان ئه‌نجامدراوه.
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، به كوردستان24ـی راگه‌یاند، پشئه‌ستوور به‌و پلان و ئاماده‌كارییانه‌ی دامانناوه، پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ماوه‌ی پشووه‌كانی سه‌ری ساڵدا زیاتر له 200 هه‌زار گه‌شتیار روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار راشیگه‌یاند، ئێمه له ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار به حه‌وت زمانی زیندووی جیهانی رێبه‌ری گه‌شتیاریمان ئاماده‌كردووه.
گوتیشی: "ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بیری له ئاماده‌كردنی رێبه‌ری گه‌شتیاری مرۆییش كردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌مه 3500 خوازیار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داواكاریان پێشكه‌شكردووه، تاكو ببنه رێبه‌ری گه‌شتیاری و بۆ ئه‌مه ده‌ستكراوه به ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و خوازیارانه و له قۆناغی داهاتووش ئه‌و رێبه‌رانه ده‌خرێنه ناو خولی تایبه‌ت تاكو فێری پێشوازیكردن له چۆنییه‌تی پێشوازیكردن له گه‌شتیاران بن.
پێشتریش گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار سەبارەت بە راگیرانی ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵ، لە پارێزگای هەولێر وەک رێزگرتن لە قوربانییەکانی هەردوو رووداوی ئاگرکەتنەوە لە سۆران و حەمدانییە، رایگه‌یاندبوو، "ئێمە ئاگاداری ئه‌و بڕیاره بووین، وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئاهەنگ و چالاکییەکانی ئێمە زیاتر لە رێگای کەرتی تایبەتە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەشتیاران زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن".