ئاری هەرسین: پارتی باجی هەڵوێستی نیشتمانیی خۆیدا لە کەرکووک

ئاری هەرسین
ئاری هەرسین

K24- هەولێر :

کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان  ئاماژە بەوە دەکات، پارتی باجی هەڵوێستی نیشتیمانیانەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە لە کەرکووک، بە رێگری کردن لە داگیرکەرانی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە (30ی کانوونی یەکەمی 2023)، ئاری هەرسین کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق  لە کەرکووک، بە کوردستان24ی راگەیاند: ئەو بارودۆخەی لە کەرکووک رویداوە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەوە وای کرد زەبرێکی گەورە بەر کورد و کەرکووک و کوردستان بکەوێت، بارودۆخی ئێستای کەرکووک ئەنجامی ئەتواری دەوڵەتی عێراقە بەرامبەر خەڵکی کوردستان لە 16 ی ئۆکتۆبەر بە یارمەتی هاوپەیمانەکانی.

ئاری هەرسین پێی وابوو کوردیش خەتابارە لەو بارودۆخەی لە کەرکووک هاتۆتە پێشەوە و دەڵێت: هەموو جارێک کە شکستمان هێناوە لە هەوڵدان بۆ ئەو ئامانجانەی هەمانە، پەرتەوازەیی خۆمان بووە، ئێمە یارمەتی خەڵکی تەماحکارمان داوە، دەشڵێت: لایەنی ئیقلیمی کە دەستی هەبووە لە 16 ی ئۆکتۆبەر، چۆن دەستی نابێت لە هەڵبژاردندا لە کەرکووک، چونکە عێراق وڵاتێکی سەقامگیر و سەربەخۆ نیە، لەژێر کاریگەری زۆر لایەنی دەرەکیدایە.

لەبارەی کورسیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ئەو کادیرەی پارتی گوتی:  لە 16 ی ئۆکتۆبەرەوە ئێمە لە کەرکووک و دەوروبەری قەدەغە بووین، رێکخستنەکانی ئێمە وەک سەردەمی بەعس کاریان دەکرد، چونکە هەر سێ کوچکەی بەعسیان بەردەوام بوو لە تەعریب و تەبعیس، راگواستن ، بە بەعسی کردن ئێستا بۆتە تەحشید کردن، شەش ساڵ رێکخستنەکانی پارتی بە نهێنی کاریان کردووە لە کەرکووک، پێی وابوو بە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ هیچ پارتێک ناتوانێت ئەوە بکات کە پارتی کردوویەتی لە کەرکووک، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەو ماوەیە لە کەرکووک بوون و هاتوچۆیان کردووە، ئینجا شەش کورسیان بەدەستهێناوە، دوو کورسیەکەی پارتی زۆر لە شەش کورسیەکەی یەکێتی زیاترە .

ئاری هەرسین نەیشاردەوە کە بەبەرچاوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە لە 16 ی ئۆکتۆبەر تەعریب کراوە، بەبەرچاوی یەکێتی هێرشکراوەتە سەر جووتیارانی کورد لە گوندەکانی کەرکووک، هەروەها بە بەرچاوی یەکێتی خەڵک کراوەتە حەشدی شەعبی، دەڵێت: بۆ کڕینەوەی ئەو زیانانەی بەر کوردستان و خەڵکەکەی کەوتووە دوای 16 ی ئۆکتۆبەر، پێویستە ئێمە و یەکێتی بێینەوە سەر میتۆدی ئەوەی هەموومان بیر لەو میکانیزمانە بکەینەوە چۆن نەهێڵێن دیسان عەرەبێکی شۆڤینی ببێتەوە پارێزگاری کەرکووک، ئەگەر ئەوە روویدا، ئەوە ئێمە هیچ قەزیەکمان نامێنێت، ئەگەر ئەوە نەکەین، دەبێ ئێمە کەرکووک و خانەقین و مەندەلی لەبیر خۆمان و باوک و باپیرمان بەرینەوە.

ئەو کادیرەی پارتی مێژووێکی سەرۆک بارزانی وەبیر هێنایەوە و گوتی: لە ساڵەکانی 2011 - 2012 بۆ دواتر، سەرۆک بارزانی، هۆشداریدایە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان، گوتی کۆمەڵێک هەن لە بەغدا، نە بەها بۆ دەستوور دەهێڵنەوە، نە حیساب بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن، پێویستە ئێمە حیسابێکی خۆمان بکەین.

گوتیشی: ئێمە باجی هەڵوێستی نیشتیمانی سەرۆک بارزانی، هەڵوێستی نیشتیمانی پارتی دیموکراتی  کوردستان لە پرسی ریفراندۆم و شەڕی پردێ، شەڕی گوێڕ و سحێلا دەدەینەوە  کە نەمانهێشت داگیر کەر بێتە پێشەوە.

Fly Erbil Advertisment