مەرجەکانی هێنانی کەسوکار بۆ سوێد توند کرا
K24 – هەولێر :
حکومەتی سوێد مەرجەکانی هێنانی کەسوکاری ئەوانەی توند کردووە کە لە سوید دەژین، بۆ پێدانی مافی نیشتەجێبوونیش بە هۆکاری مرۆیی، بە پێویستی دەزانێت بارودۆخێکی زۆر هەستیار هەبێت.
رادیۆی کوردی سوێد بڵاوی کردەوە، لە یەکی مانگی کانوونی یەکەمەوە، مەرجەکانی هێنانی کەسوکار توندکراونەتەوە، هەروەها پێدانی مافی نیشتەجێبوون بەهۆکاری مرۆیی قورستربووە، بە نموونەش ئەگەر کەسێکی دانیشتووی سوێد بیەوێت هاوسەرەکەی بهێنێتە سوێد، پێویستە تەمەنی 21 ساڵ بێت کە پێشتر مەرجی تەمەن 18 ساڵ بوو، بەڵام لە حاڵەتی ناوازەدا دەکرێت مەرجەکە لا ببرێت ئەگەر منداڵی هاوبەشیان هەبێت.
رادیۆکە ئاشکرای کردووە، بۆ پێدانی مافی نیشتەجێبوون بەهۆکاری مرۆیی،حکومەتی سوێد بە پێویستی دەزانێت بارودۆخێکی زۆر هەستیار هەبێت.
ماریا مالمەر ستینەرگارد، وەزیری کۆچی سوێد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: مەبەست لە توندکردنەوەی مەرجەکان، کەمکردنەوەی ژمارەی داواکاریی پەنابەرییە و، رەخساندنی دەرفەتێکی باشترە بۆ وەرگرتنی پەنابەران و پرۆسەی هاوگونجیان.