2023 بۆ عێراق ساڵێکی پڕ داهات و کەمترین خزمەتگوزاری بوو

2023 بۆ عێراق ساڵێکی پڕ داهات و کەمترین خزمەتگوزاری بوو
2023 بۆ عێراق ساڵێکی پڕ داهات و کەمترین خزمەتگوزاری بوو

K24 - هەولێر

ساڵێکی دیکەی پڕ ململانێ و کێشەی سیاسی لە عێراق تێپەڕی، وەک رەخنەگران دەڵێن، 2023 بۆ عێراق ساڵێکی پڕ داهات و کەم خزمەتگوزاری بوو، لەکاتێکدا حکومەتەکە گەورەترین بودجەی لە مێژووی عێراقدا لەبەردەست بووە.

ساڵی 2023 بۆ عێراق ساڵێکی پڕ داهات بوو، سەرەڕای زۆری داهاتەکانی، بەڵام دانیشتووانی شارەکانی عێراق گلەییان لە حکومەتەکەیان هەیە کە کەمترین پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆیان دابین کردووە.

بڕی بودجەی گشتیی عێراق لەمساڵدا نزیكەی 200 ترلیۆن دینار بوو، کە ئەوەش گەورەترین بودجەیە لە مێژووی حکومەتی عێراقدا. عێراقییەکان لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە چاوەڕوان بوون ئەو بودجە زەبەلاحە، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بنیادنانی پرۆژەی گرنگ و پێویست تەرخان بکرێت، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە زۆرینەی شارەکانی عێراق بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە خەڵکەکەی لە دۆخێکی خراپدان. خۆپیشاندانە یەک بەدوای یەکەکانی بەغدا و گلەیی بەردەوامی دانیشتووانی شارەکانی بەسرە، ئەنبار و سەلاحەددین لە نەبوونی خزمەتگوزاری، دەرخەری ئەو راستییەن. ئەمەش جگە لەوەی کە وشکەساڵی هەڕەشەیە بۆ سەر نزیکەی نیوەی خاکی عێراق و تا ئێستاش حکومەتی هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆی بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نەناوە.

 سیاسەتمەداران دەڵێن، ململانێی نێوان لایەنەکان زیانی زۆری بە پڕۆسەی سیاسی و خزمەتگوزاری لە عێراق گەیاندووە و وایکردووە هیچ متمانەیەک لەنێوان خەڵک و حکومەتدا نەمێنێت، ناکۆکی لایەنە عێراقییەکان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان بە سەلمێنەری بۆچوونەکەیان دەزانن.

کۆی گشتی داهاتی عێراق بە سەرجەم سێکتەرە نەوتی و نانەوتییەکانەوە دەگاتە نزیکەی 20 ملیار دۆلاری مانگانە، وەک زۆرێک لە رەخنەگران دەڵێن، بەشێکی زۆری ئەو داهاتانە دەخرێتە خزمەتی گروپە چەکدارەکان یانیش لە پڕۆژەی ساختەدا خەرج دەکرێت و خەڵکیی سوودی لێ نابینن، سەرەڕای ئەو داهاتە زەبەلاحەش بەڵام دوایین ئامارەکان ئاشکرای دەکەن کە نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی عێراق، لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین و رێژەیەکی زۆر لە گەنجان و لاوانی ئەو وڵاتە بێکارن و بە سەدان هەزار لە خەڵکی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستانن و لێرەوە بژێوی ژیانییان پەیدا دەکەن.

بەپێی ئامارە جیهانییەکان ئێستاکە لە ڕووی گەندەڵییەوە عێراق لە نێوان 180 وڵات، لەڕیزبەندی 157ـدایە، واتە لە خراپترینەكانە. گەندەڵی لە عێراقدا لە دیاردەی تاكەكەسییەوە دەرچووە و بووەتە دیاردەیەكی گشتی، کە زۆربەی لایەنەکان تێوە گلاون.

بەفیرۆدانی سامانی نیشتمانی لە عێراق بە هۆی گەندەڵییەوە، لە ئاستێكی بەرزدایە، بە جۆرێک لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بەسەدان ملیار دۆلار بەفیڕۆ دراوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێك كە لە لیژنەی دەستپاكیی عێراق بڵاویکردووەتەوە، نزیكەی 52 وەزیر و پلە باڵا، یاداشتی ئاگاداركردنەوەیان بۆ دەرچووە، هەروەها نزیكەی 491 ئاگاداركردنەوە دەركراوە لە دژی 329 لە گەورە بەرپرسان و پلە تایبەتەكان. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گەندەڵی لە عێراق بەردەوامە و سەرەڕای بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانەکەی، نەبوونی خزمەتگوزاری و بێمتمانەداکەوتنی دەسەڵات بووەتە ناسنامەی وڵاتەکە.

Fly Erbil Advertisment