ژمارەیەك وڵاتی جیهان چوونە نێو ساڵی 2024ەوە

ساڵی 2024
ساڵی 2024

K24 – هەولێر:

زۆرینەی وڵاتان جیهان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن، بەڵام لە چەندین وڵاتی جیهان ساڵی 2024 دەستی پێکردووە.

جەماوەرێکی زۆر بۆ ئاهەنگگێڕان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ماڵئاواییکردن لە ساڵی 2023 کە ساڵیکی پڕ لە رووداو بوو لەسەر ئاستی جیهان، هاوکات سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد لەو ساڵەدا جیهانی تووشی شۆک کرد، بەڵام دوو جەنگی خوێناوی لە ئۆکرانیا و غەززە، گۆڕانی کەشوهەوا جیهانی تووشی دڵتەنگی و نیگەرانی کرد.

نیوزلەندا ئاهەنگەکانی دەستپێکرد بۆ پێشوازیکردن لە سەری ساڵ بە نمایشێکی یارییە ئاگرینەکان لە شاری ئەوکلاند و پێی نایە ساڵی 2024.

هەروەها لە ئوسترالیا هەزاران کەس لە سیدنی بەشدارییان لە نمایشە ئاگرینەکان کرد بە بۆنەی چوونە ناو ساڵی 2024، کە یارییە ئاگرینەکان لە پردی هاربەر و ئۆپێرا بۆ ئاسمان هەڵدران، کە دەستپێکی نمایشێکی 12 خولەکی بوو.

وڵاتانی کۆریای باکوور، کۆریای باشوور، ژاپۆن و هۆنگ کۆنگ هاوشێوەی ئوسترالیا و نیوزلەندا ئاهەنگی چوونە نێو ساڵی نوێیان گێرا و ساڵی نوێ لەلای ئەوان دەستیپێکردووە.

لەکاتێکدا زۆرینەی وڵاتانی جیهان لە ئێستادا نەچوونەتە ناو ساڵی نوێیوە و خەریکی ئامادەکارین بۆ سازدانی ئاهەنگ، بەڵام لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان چوونەتە ناو ساڵی نوێیەوە و ئاهەنگەکانیان بە کۆتا هاتووە، بەشێکیش لە وڵاتان بەهۆی جەنگەوە ئاهەنگی سەری ساڵ ناگێڕن.

لە شاری تەلئەبیبی ئیسرائیل پێشبینی دەکرێت کەشوهەوای شەڕ لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا رەنگ بداتەوە، هەرچەندە شارەکە بەردەوامە لە ئاهەنگگێڕان بۆ زۆربەی ئەو ئاهەنگانەی کە بڕیارە بۆ ئەم بۆنەیە ئەنجام بدرێت. بەڵام هێشتا زۆرینەی ئیسرائیلییەکان لە شۆکی گەورەن، بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس بۆسەر وڵاتەکەیان نزیکەی 140 کەسیان کوژراون.

هەروەها لە شاری وێرانکراوی غەززە هیچ شوێنێک نەماوە بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ، نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەسیان لە کەرتی غەززە پشتڕاستکردەوە، واتە نزیکەی 85% دانیشتووانی کەرتی غەززە، هاوکات نزیکەی 22 هەزار کەسیش کوژراون.

ئۆکرانیا لە دووەمین ساڵیادی لەشکرکێشی رووسیا نزیک دەبێتەوە و ئەو وڵاتە ناکۆکی لەسەرە،  ململانێکان بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، بەشێک لە هاووڵاتیانی رووسیای ماندوو کردووە. لای خۆیەوە زۆیا کارپۆڤای تەمەن 55 ساڵ، شانۆکارە و نیشتەجێی مۆسکۆیە و دەڵێت، "دەمەوێت لە ساڵی نوێدا شەڕ کۆتایی پێبێت، سەرۆکێکی نوێ بێت، ژیانی ئاسایی بگەڕێتەوە".

لەکاتێکدا وڵاتانی جیهان بە بەکارهێنانی هەشت تۆن یاری ئاگرینی ئاهەنگی هاتنە ناو ساڵی 2024 دەگێڕێن.

 

 

Fly Erbil Advertisment