106 رۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون

لە سەرەتای جەنگەوە 106 رۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون
لە سەرەتای جەنگەوە 106 رۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون

K24 - هەولێر

لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا؛ بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 106 رۆژنامەنووس کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

رۆژنامەنووسانی غەززە رۆژانە نوێژی مردوو لەسەر هاوپیشەکانیان دەکەن، کە لە بۆردوومانەکاندا کوژراون. لەوانەیە رۆژی دواتریش کەسێکی دیکە نوێژ لەسەر تەرمی ئەوان بکات.

سەرەڕای بەرزی ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان، تا دێت ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی دەبنە قوربانی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل روو لە زیادبوونە.

رۆژنامەنووس ئیسلاح مەدهوون، دەڵێت: "رەنگە لە هەر ساتێکدا ئێمەش بکوژرێین، چونکە سوپای ئیسرائیل رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی رۆژنامەنووسان ناگرێت و بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و رۆژنامەنووسان."

تا ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل 106 رۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون. رۆژنامەنووسانیش داوای هەڵوێستی جیددی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.

باسل خەلەف، رۆژنامەنووسێکی فەڵەستینییە لە غەززە و ئەوە دەخاتەڕوو: "رۆژنامەنووسە فەڵەستینییەکان دەکوژرێن، دەگیرێن و دادگایی دەکرێن. پێویستە لێپرسینەوە هەبێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوشان لەگەڵ رۆژنامەنووس فەڵەستینییەکان بووەستێتەوە، ئەمەش تەنیا بە قسە نابێت بەڵکو پێویستی بە کردەوە و بڕیاردانە."

جەبر ئەبو هەدرووس، پەیامنێری کەناڵی قودسی فەڵەستینی بوو و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا رووماڵی هێرشەکانی ئیسرائیلی دەکرد و نەهامەتییەکانی گەلەکەی لە رێگەی مایکەکەی دەگواستەوە. کەچی بەهۆی بۆردوومانێکی هێزەکانی ئیسرائیل لە نێو ماڵەکەی کرایە ئامانج و کوژرا.

 

Fly Erbil Advertisment