نەخۆشخانەیەکی پیرمام کرایە سیستەمی ئەلیکترۆنی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پیرمام رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا لە پێناو باشترین خزمەت گوزاری بۆهاووڵاتییان نەخۆشخانەی پیرمام کرا بە سیستەمی ئەلیکترۆنی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2024، د. کامەران عومەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پیرمام بە کوردستان24ـی راگەیاند، سیستەمێکی نوێمان بۆ نەخۆشخانەی پیرمام داناوە، بۆ ئەوەی گلەیی و گازەندەی هاووڵاتییان نەمێنیت لەناو نەخۆشخانە، گوتیشی: بۆ ئەوەی نۆرە بڕی لەلایەن هاووڵاتییانەوە نەکرێت و چارەخواز بە مافی خۆی چاوی بە پزیشکی پسپۆر بکەوێت، هەستاین بە دانانی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە بۆ ناو نەخۆشخانەکە.

راشیگەیاند، سیستەمەکە لە هەموو بەشەکانی نەخۆشخانەکە دانراوە، لە ئێستادا کاروباری نەخۆشخانەکەی رێکخستووە، هەروەها پاڵەپەستۆی نەخۆشخانەکەی کەمکردووەتەوە، ئەمەش لە پێناو باشترین خزمەت گوزاری بۆهاووڵاتییان، کە لە ساڵی رابردوو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم سیستەمە داندرا.

عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، لە رابردوودا هیچ میکانیزمێک نەبوو تەنیا ناونووسین و نۆرە گرتن بوو، کە هاووڵاتییان گلەییەکی زۆریان هەبوو، بەڵام ئێستا هاووڵاتییان بێ ئەوەی کیشەیان هەبێت چاویان بەو دکتۆر دەکەوێت یاخود ئەو پشکنینەی کە دەیانەوێت دەیکەن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پیرمام جەختیکردەوە، "لە ئێستادا تەنیا بەشی فریاکەوتن ماوە بکرێت بەو سیستەمە، بەمنزیکانە ئەویش دەکرێت بەو سیستەمە بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانی شارۆچکەکە".

به‌ گوتەی به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌کە، بڕى 248 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بۆ ئه‌و كارە تەرخانکراوە ‌و له‌لایه‌ن رێكخراوێكیشه‌وه‌ هاوكارى ماددى بۆ دروستكردنى به‌شی چاره‌سه‌رى سروشتى كراوەتەوە‌.

لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، زیاتر گرنگی بە سێکتەری تەندروستی دراوە، ئەویش لە پێناو زیاتر خزمەت گەیاندن بە هاووڵاتییان لە رووی تەندروستییەوە، لەو چوارساڵەی کابینەی نۆیەمدا 13 نەخۆشخانەی حکومی نوێ دروستکراون، بەمەش ژمارەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 45 نەخۆشخانە، هەروەها لە بواری دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان و دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بنکەی تەندروستی و تاقیگەی پزیشکی جۆراوجۆر، بەشێکی دیکەی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها بۆ پێشخستنی سێکتەری تەندروستی، 26 کارگەی ئۆکسجین دامەزرێندراون، بەمەش ژمارەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بوو بە 41 کارگە.

ئا: لاڤین عومەر