پار 21 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراوە

دیمەنێکی ئەو باڵەخانەی لە سۆران ئاگری لێکەوتەوە
دیمەنێکی ئەو باڵەخانەی لە سۆران ئاگری لێکەوتەوە

K24- هەولێر :

روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارەی لە ساڵی 2023 کۆ کراوەتەوە لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، رووداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانییە لەهەموو رووداوەکان دیارترە.

ئەمڕۆ دوو شەممە (1ی کانوونی دووەمی 2024(، روانگەی عێراقی سەوز بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێدا ئاماری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی لە عێراق بڵاو کردەوە،بەپێی ئەو ئامارە، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە  لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان ژمارەیان گەیشتۆتە 21 هەزار و 24 رووداو کە لە چێشتخانە و باڵەخانە و دامەزراوە  میریی و نا حکومیەکان روویانداوە، زۆرترین رووداوەکانیش لە بەغدا بوونە.

راشیانگەیاندووە، رووداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانییە لە هەموو رووداوەکانی دیکە دیاتربووە و رەنگدانەوەی زۆری هەبووە، زۆرترین هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەی بەسرەش بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، ئەوەش هۆکاری نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگر کەوتنەوەکانی ساڵی پار، کەمتر بووە بە بەراورد بە ئاگر کەوتنەوەکانی ساڵی 2022 بەرێژەی 21%، ئەوەش بەهۆی ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ هۆشیاکردنەوەی هاووڵاتیان لەلایەن تیمەکانی ئەگرکوژێنەوە.

لە هەمان کاتتدا،بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن پیاوانی بەرگریی شارستانییەوە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق کوژێندراونەتەوە جگە لە هەرێمی کوردستان، ئەو ئامارە هی ئەو رووداوانەی ئاگرکەوتنەوەن کە لەناو باڵەخانەکانی حکومەت و، بازرگانی و کارگەکان و، کۆگاکان و خانووە نیشتەجێبووەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، کێڵگەکان ڕوویانداوە.

بەپێی ئەو ئامارە کۆی گشتی رووداوەکان گەیشتە (21،024) لە ماوەی ساڵی 2023 دا، لە کاتێکدا ژمارەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی 2022 گەیشتبووە (32،477)، واتە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی بە ڕێژەی 21٪ کەمیکردووە لە ساڵی 2023 بە بەراورد بە ساڵی 2022.

لەبارەی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە، بەرگریی شارستانی عێراق رایگەیاند: ئاشکرا بووە بە ڕێژەی 60%  رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆرتی کارەبا و ئەو تۆڕانەی کارەباوە بووە کە وەک جاڵجاڵۆکەن و لە مۆلیدەکانەوە دەرچوون، لەگەڵ  یاریکردنی منداڵان بە ئاگر بە رێژەی  15% لە کاتێکدا 7% یش بەهۆی ناکۆکی هۆزەکان روویانداوە.

بەرگریی شارستانیی ئاشکرای کردووە، لە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا  لە ساڵی 2023دا ، (455) کەسیان رزگارکردووە، هەروەها ئەو پارەشی لە رووداوەکاندا لە سووتان پاراستوونی ،بڕەکەی 411 ملیار و 501 ملیۆن و 400 هەزار دیناری عێراقی بووە لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.

Fly Erbil Advertisment