ئه‌مه‌ریكا کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد دەگەڕێنێته‌وه وڵاته‌كه‌ی
K24 – هەولێر:
کەشتیگەلێکی ئەمه‌ریکا دەریای ناوەڕاست جێدەهێڵێت و چەند کەشتییەکی دیکە شوێنی دەگرنەوە.
هێزی دەریایی ئەمه‌ریکا ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 1ـی كانوونی دووه‌می 2023) له‌میانه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، لە چەند رۆژی داهاتوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد دەریای ناوەڕاست جێدەهێڵێت و بۆ ئەمه‌ریکا دەگەڕێندرێتەوە.
ئاشکراشی دەکات، لەدوای کشانەوەی ئەو کەشتی فڕۆکەهەڵگره، سێ کەشتی دیکە لە شوێنی جێگیردەکرێن.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، به‌ره‌نگاری هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه ده‌ده‌نه‌وه، كه بۆ فراوانكردنی جه‌نگی غه‌ززه له‌ناوچه‌كه ده‌درێن و له‌گه‌ڵ هاوبه‌شان سه‌قامگیری ناوچه‌كه ده‌پارێزن.
لە دوای هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەم (ئۆكتۆبه‌ر)ـی حه‌ماس بۆسه‌ر ئیسرائیل، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە ئیسرائیل، هەریەکە لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد و کەشتیگەلەکەیان لە دەریای ناوەڕاست جێگیرکران.
مانگی رابردوو لۆید ئۆستن وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد كرد.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاترلە 240 هاووڵاتی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
هه‌روه‌ها بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە تا ئێستا زياتر له 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه پزیشكییه‌كان له غه‌ززه، دوای تێپه‌ڕبوونی 87 رۆژ به‌سه‌ر جه‌نگی حه‌ماس – ئیسرائیل، ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه له 22 هه‌زار كه‌س و 60 هه‌زار بریندار نزیكبووه‌ته‌وه.