بەنگلادیش.. براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا

محەممەد یونس
محەممەد یونس

K24 - هەولێر

محەممەد یونس، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بەتۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی کار لە بەنگلادیش سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، کە لایەنگرانی دەڵێن تۆمەتەکە پاڵنەرێکی سیاسییە.

محەممەد یونس، شارەزای ئابووری، لە ساڵی 2006 خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێناوە، لەگەڵ سێ هاوکارەکانی لە کۆمپانیای گرامین تیلیکۆم کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانە کە دایمەزراندووە، تۆمەتبارکران بەوەی سندوقی پاشەکەوتیان لەوێ دامەزراندووە، بەمەش یاسای کاریان پێشێل کردووە.

خورشید عەلەم خان، داواکاری گشتیی بەنگلادیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، محەممەد یونس و هاوکارەکانی "بەپێی یاساکانی کار سزا دراون و سزای شەش مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە بە کەفالەت ئازادکراون تاوەکو رۆژی تانەدان. تۆمەتبارەکانیش ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە ئاراستەیان کراوە.

یونس دوای دەرکردنی بڕیارەکە گوتی: "من لەسەر تاوانێک کە نەمکردووە سزادراوم".

بریکاری بەرگرییەکەی، عەبدوڵڵا ئەلمەئمون، بەهەمان سەرچاوەی گوت: "ئەم بڕیارە بێ وێنەیە، دادپەروەری بەدی نەهات".

یونس ڕووبەڕووی زیاتر لە 100 تۆمەتی دیکە دەبێتەوە کە پەیوەندییان بە پێشێلکردنی یاسای کار و تۆمەتی گەندەڵی هەیە، یونس لە مانگی نۆڤەمبەردا پشتڕاستی کردەوە کە لەو 50 کۆمپانیایەی لە بەنگلادیش دایمەزراندووە لە هیچییان سوودی نەبینیووە، دەشڵێت: من بەدوای ئەوەدا نەبووم کە لەو رێگەیەوە بەرژەوەندییە شەخسییەکانم بەدەست بهێنم.

خەجا تەنویر، پارێزەری دووەمی یونس، ڕایگەیاندووە، دۆسیەکە "بێ بەها و خەیاڵی و ناڕەوا بووە". گوتیشی: تاکە ئامانجی ئەم دۆسیەیە هەراسانکردن و زەلیلکردنیەتی لەبەردەم هەموو جیهاندا.

محەمەد یونس تەمەنی 83 ساڵە، کە لە ساڵی 2006 بە هاوبەشی لەگەڵ "بانکی گرامین" خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هاوکاری کردنی ملیۆنان کەس بە پێدانی قەرزی بچووک، کە بە بەهای کەمتر لە 100 دۆلار بە هەژارانی گوندنیشەکانی بەنگلادیشیان دەدا.

سەرەڕای ئەمەش شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش، تۆمەتباری کرد بەوەی "خوێنی هەژاران دەمژێت"، لایەنگرانی رایانگەیاندووە کە حکومەت هەوڵی لەکەدارکردنی وێنەی ئەو دەدات، چونکە جارێک بیری لەوە کردۆتەوە پارتێکی سیاسی دابمەزرێنێت کە کێبڕکێ لەگەڵ پارتی "رابیتە عەوامی" بە سەرۆکایەتی حەسینە بکات.

بەهۆی ئەو جەماوەرییە زۆرەی لەنێو دانیشتوانی بەنگلادیشدا هەیەتی، یونس بووەتە رکابەری سەرۆک وەزیران، کە پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی یاساداناندا بۆ خولی پێنجەم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت کە پێشبینی دەکرێت رۆژی یەکشەممە، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بایکۆتی بکرێت.

Fly Erbil Advertisment