سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی کۆریای باشوور بە چەقۆ بریندارکرا

لی جای میونگ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی کۆریای باشوور
لی جای میونگ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی کۆریای باشوور

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، بەچەقۆ هێرش کرایە سەر سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی کۆریای باشوور "لی جای میونگ" و بریندار کرا.

رووداوەکە کاتێک روویدا کە "لی" وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دەدایەوە، دوای ئەوەی سەردانی شوێنی بیناسازی فڕۆکەخانەیەکی نوێ لە دوورگەی گادیۆک لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی کرد. ئەم دوورگەیە بەشێکە لە شاری بوسان کە لە کەنار دەریاکاندایە.

رادیۆکانی کۆریای باشوور بڵاویانکردەوە، چەقۆیەکە بەر ملی لی کەوتووە و تووشی خوێنبەربوون بووە و کەوتووەتە سەرزەوی، دوای وەرگرتنی فریاگوزاری سەرەتایی لە شوێنی رووداوەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، لە وێنەکانیشدا بڵاوکراوەتەوە کە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن کەوتووەتە سەر زەوی چاوەکانی داخراوە.

ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەو سیاسەتمەدارەی ئۆپۆزسیۆن لەکاتی هێرشەکەدا هۆشیار بووە. هەر لەوکاتەشدا هێرشبەرەکە لە شوێنی رووداوەکە دەستگیرکراوە.

لی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور کە لە مانگی ئاداری 2022دا بەڕێوەچوو، لەبەرامبەر سەرۆک یۆن سوک یۆلەوە شکستی هێنا.

Fly Erbil Advertisment