سۆماڵیلاند و ئەسیوپیا بە رێککەوتنێک سۆماڵ توڕە دەکەن

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە ئاژانسی هەواڵی سۆماڵ بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی سۆماڵ بە سەرۆکایەتی حەمزە عەبدی باری کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەبارەت بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن ئەنجامدا کە لەلایەن ئەسیوپیا و سۆماڵیلاند ئەنجامدراوە.

حکومەتی سۆماڵیلاند ئەو هەنگاوەی بە "پێشێلکردنی ناوچەیی نایاسایی" وەسف کرد و باڵیۆزی سۆماڵی لە ئەسیوپیا بانگهێشت کرد بۆ راوێژکردن، کە بەپێی ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی، سەرۆک وەزیرانی سۆماڵ حەمزە عەبدی باری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هیچ کەس ناتوانێت بەشێک لە خاکی سۆماڵیلاند یان دەریا یان ئاسمانی پێشێل بکات".

وەزارەتی دەرەوەی ئەسیوپیا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئەسیوپیا، ئەبی ئەحمەد، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سەرۆکی سۆماڵیلاند، موسا بیهی عەبدی، لە ئەدیس ئەبابا واژۆکردووە و رایگەیاندووە، یاداشتەکە رێگە خۆشدەکات بۆ گەیشتن بە خواستەکانی ئەسیوپیا بۆ دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەریا و بە بەندەرەکانی دەریایی.

ئاماژەی بەوەکردووە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هاوکات هاوبەشی ئەمنی و ئابووری و سیاسی نێوان ئەدیس ئەبابا و سۆماڵیلاند بەهێز دەکات، هەروەها رێگە بە ئەسیوپیا دەدات رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بەهێزتر بکات.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەسیوپیا، ئەبی ئەحمەد رایگەیاند، ئەسیوپیا رۆژی دووشەممە، 1-1-2024، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ هەرێمی سۆماڵیلاند واژۆکردووە بۆ بەکارهێنانی بەندەری بەڕبەڕە لە دەریای سوور.

ئەو وڵاتە لە ئەفریقا بێ کەنار دەریایە، ئێستا پشت بە جیبوتی دراوسێی دەبەستێت بۆ زۆربەی بازرگانییە دەریاییەکانی، ئەبی لە رێورەسمی واژۆکردنەکە لەگەڵ سەرۆکی سۆماڵیلاند گوتی:  "ئێمە لەگەڵ برایانمان لە سۆماڵیلاند رێککەوتووین، ئەمڕۆ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ کرا".

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رەزوان حوسێن، بە ئەبی ئەحمەدی گوت: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن رێگە خۆش دەکات بۆ ئەسیوپیا بۆ بازرگانی دەریایی لە ناوچەکەدا، بە رێگەدان بە بنکەیەکی سەربازی بەکرێگیراو لەسەر دەریای سوور.

ئاماژەی بەوەشکرد، سۆماڵیلاند لەبەرامبەر ئەوەدا پشکێکی لە هێڵی ئاسمانی ئەسیوپیا پێدەدرێت، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بدات.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی "سۆنا" رایگەیاند، هەفتەی رابردوو دوای هەوڵێکی نێوەندگیری بە ناوبژیوانی جیبوتی، سۆماڵیلاند و سۆماڵ رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان.

سۆماڵیلاند کە دەڕوانێتە کەنداوی عەدەن، لە ساڵی 1991 جیابوونەوەی خۆی لە سۆماڵ راگەیاند، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە دانپێدانانی نێودەوڵەتی وەرنەگرت.

Fly Erbil Advertisment