نەجات محەمەد: بەریتانیا پرۆسەی ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا راگرت

نەجات محەمەد
نەجات محەمەد

K24 – هەولێر :

پارێزەرێکی دادگای پەنابەرانی لەندەن ئاشکرای دەکات، پرۆسەی ناردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا راگرتووە، بەهۆی ئەو فشارەی لەڕووی ئابووری و مافی مرۆڤەوە دەربارەی  پرسەکە کەوتۆتە سەر بەریتانیا.

ئەمڕۆ سێشەممە (2-ی کانوونی دووەمی 2024)، نەجات محەمەد پارێزەری دادگای پەنابەران لە لەندەن، لەبارەی رێکارەکانی بەریتانیا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەرانی نایاسایی بە کوردستان24ی راگەیاند: کۆمەڵێک قاچاخچی لە یەکێتی ئەوروپا درانە دادگا، ئەوەش کاریگەری هەبوو بۆ رێگەخۆشکردنی ئەوانەی دەیانەوێت بەرێگەی نایاسایی روو لە بەریتانیا بکەن، ئاماژەی بەوە کرد، بەریتانیا خۆی رێککەوتنێکی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و تورکیا هەیە بۆ ئەوەی ئەو رێکارانە بگیرێنە بەر  لەپێناو ئەوەی چیتر کۆچبەران بەشێوازێکی  نایاسایی نەگەنە بەریتانیا و ژیانیان نەکەوێتە مەترسی، لەبەرامبەر ئەوەدا خەڵک بە ڤیزەی گەشتیاریی و خوێندن، لەگەڵ ڤیزەی وەبەرهێنان بگەنە بەریتانیا.

پارێزەکەرەی پەنابەران تیشکی خستە سەر ئەو یاسایانەی پەنابەران دەگرێتەوە و رایگەیاند: بەریتانیا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە کەیسی پەنابەران دەکات کە زۆرینەی کەیسەکان بۆ ماوەی 10 ساڵە بێ وەڵام ماونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی داوای ئەوە دەکرێت دوای حەوت بۆ هەشت ساڵ مافی پەنابەریی بەو کۆچبەرانە بدرێت کە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە.

لەبارەی ئەو پەنابەرانەی دەگەنە بەریتانیا و بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن بە کارێک، نەجات محەمەد گوتی: ئەو پەنابەرانەی دێنە بەریتانیا ناتوانن هیچ کارێک بکەن تا کەیسەکانیان یەکلا دەبێتەوە، بەپێی بڕیاری دوبلن، بەریتانیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا رێککەوتنێکیان هەیە، بەپێی ئەو رێککەوتنە هەر کۆچبەرێک لە ئەوروپاوە بێتە بەریتانیا، بۆ ماوەیەکی درێژ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی ناکرێت تاوەکو فیدباکێکیان بۆ دێتەوە لەوەی ئەو کۆچبەرە هیچ تاوانێکی لەسەر تۆمار نەکراوە لە یەکێتی ئەوروپادا، دەشڵێت: ئەگەر ئەو پەنابەرە لە ئەوروپا داوای مافی پەنابەری کردبێت، بۆ ئەوروپا دەیگەڕێننەوە، لە ئەوروپاش ئەگەر هیچ وەڵامێک بۆ کەیسەکەی نەدرابێتەوە، رەوانەی وڵاتی خۆی دەکەنەوە.

ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەکات، لە رووی دارایی و مافی مرۆڤەوە بۆ بەریتانیا کارێکی ئاسان نەبوو پەنابەران بنێرێتە رواندا، بۆیە زەحمەتە پرسی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا سەرکەوتوو بێت، ئەو پرسە بە هەڵواسراوی  لەنێوان دادگاکانی یەکێتی ئەوروپا و دادگاکانی ناوخۆی بەریتانیا ماوەتەوە، بەریتانیا بڵاوی کردۆتەوە، پار 300 هەزار کۆچبەر رووی کردۆتە بەریتانیا، هەوڵدەدەن ئەو ژمارەیە بۆ 60% کەم بکەنەوە لە ساڵی تازەدا.