رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور: لە سەرانسەری جیهاندا 521 ڕۆژنامەنووس بەهۆی کارەکانیان لە زینداندان

K24 – هەولێر :
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF) ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بە بارمتە گیراون، کوژراون و بێسەروشوێنن لە سەرانسەری جیهاندا، بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، 45 رۆژنامەنووس لەکاتی راپەڕاندنی کاری رۆژنامەوانیاندا تا 1ی کانوونی یەکەمی 2023 کوژراون، سەرەڕای ئەو رۆژنامەنووسانەی لە بارودۆخی سەختی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بەلایەنی کەمەوە 13 ڕۆژنامەنووس لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رۆژنامەنووسیاندا کوژراون و، 56 ڕۆژنامەنووسیش بە گشتی لە ماوەی شەڕەکەدا کوژراون.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژنامەوانانیش لەنێو قوربانیانی هاوڵاتیانی سڤیلن لە غەززە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە کەرتی غەززە کوژراون، بەلایەنی کەمەوە 13 رۆژنامەنووس لە ناوچەیەکی جوگرافی زۆر بچووکدا کوژراون، رێکخرای پەیامنێرانی بێ سنوور دەڵێت: لەسەر ئەو رۆژنامەنووسانەی بوونەتە قوربانیی، لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سکاڵامان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی ئەوەی ڕۆژنامەوانان بە مەبەست کراونەتە ئامانج، دەستپێبکرێت.
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاشکرای دەکات،لە سەرانسەری جیهاندا 521 ڕۆژنامەنووس هێشتا لە زینداندان بەهۆی بە سروشتی کارەکانیان .