لە هەولێر چەندین بابەتی جوانکاری دەستی بەسەردا گیرا
K24 – هەولێر:
لە شاری هەولێر دەستبەسەر بڕێک ماددە و کەرستەی جوانکاری قاچاخدا گیرا، کە سەرجەمیان ستیکەری وەزارەتی تەندروستیان پێوەنەبوو. بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێر، گوتی: هەر بابەتێک مۆڵەتی تەندروستی نەبێت گومانی ساختەبوونی لێدەکرێت و شیاو نییە بۆ بەکارهێنان.
ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی کانوونی دووەمی 2024) محەممەد رەشید، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای وەرگرتنی زانیاری لە هەبوونی شوێنێك کە بڕێک لە کەرستە و دەرمانی جوانکاری قاچاخ دەفرۆشێت، ئێمە لەگەڵ تیمەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ هۆبەی ئابووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستمان بەسەر ئەو شوێنەدا گرت.
بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێر، گوتی: هەر بابەتێک مۆڵەتی تەندروستی نەبێت گومانی ساختەبوونی لێدەکرێت و شیاو نییە بۆ بەکارهێنان، هەر دەرمانێک ستیکەری وەزارەتی تەندروستی پێوە نەبێت دەستیبەسەردا دەگیرێت، ستیکەری سەر دەرمانەکان نیشانەی ئەوەیە ئەو دەرمانە لە رووی کاریگەرییەوە سەلامەتە بۆ بەکارهێنان.
محەممەد رەشید، باسی لەوەکرد، هەر هاووڵاتییەک کاتێک سەردانی سەنتەرێکی جوانکاری دەکات پێویستە داوا لە دکتۆرەکە بکات کە چ جۆرە دەرمانێکی جوانکاری بۆ بەکاردەهێنێت، هەروەها پێویستە لەسەر دکتۆرەکە پێش بەرکارهێنانی دەرمانەکە بە هاووڵاتییەکەی نیشانبدات کە ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەر بێت.
هاوکات گوتیشی: کەسی سەردانیکەر لە رێگەی ستیکەری سەر دەرمانەکەوە دەتوانێت هەم نرخەکەی بزانێت و هەم لە کوالێتیەکەی دڵنیابێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە ئامانج کەمال، لە هۆبەی ئابووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە لە رێگەی لیژنەکانمانەوە کە پشکنین بۆ دەرمانخانەکان و سەنتەرەکانی جوانکاری دەکەین، هەمیشە هاووڵاتییان لە رێگەی زانیارییەکانمان چ لە رێگەی ڤیدیۆ، چ لە رێگەی وێنە ئاگاداردەکەینەوە سەبارەت بەو شوێنانە.
ناوبراو گوتیشی: هاووڵاتییانیش بە رێژەیەکی زۆر هاوکارمانن لە دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی کە دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچوو دەفرۆشن.