هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە هەولێر دەستیپێکرد

جگەرەی ئەلیکترۆنی
جگەرەی ئەلیکترۆنی

K24 – هەولێر:

لە هەولێر هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی "ڤەیپ" دەستیپێکرد، هەڵمەتەکە هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی لێ دەفرۆشن و ئەم بڕیارە تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێەتەوە و وەزارەتی تەندروستیش ده‌ڵێت: ئەم جگەرە ئەلیکترۆنییە زیانی زۆری بۆ هاووڵاتییان هەیە.

سلێمان محەممەد، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو زیانانەی کە لە جگەرەی ئاسایی هەیە، بە زیادەوە لە جگەرەی ئەلیکترۆنی "ڤەیپ"دا هەیە، جۆرە ماددەیەکی تێدایە بەکاردەهێندرێت بۆ لەناوبردنی گژوگیای زیانبەخش.

گوتیشی: تام و بۆنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بە جۆرێک خۆشکراوە کە وادەکات کەسی بەکارهێنەر بەماوەیەکی کەم لە بەکارهێنانی ئاڵوودەی بێت.

ئەو شوێنانەی کە جگەرەی ئەلیکترۆنی دەفرۆشن وەک کۆگا، دوکان و مارکێت پێشتر ئاگادارکراونەتەوە، دوا مۆڵەتیشیان پێدارابوون کە ئیدی نەیفرۆشن، بەڵام هەندێک لە خاوەن دووکانەکان رێگری دەکەن لە داخستی دووکانەکانیان.

سۆران محەممەد، نوێنەری چاودێری بازرگانی، بە کوردستان24ـی گوت: هەوڵی بنبڕکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم بازاڕەکان، کۆگاکان و مۆڵەکان دەدەین، هەر شوێنێکیش بیفرۆشێت و دەستبەسەر جگەرە ئەلیکترۆنییەکاندا دەگیرێت و لەناو دەبرێن، هەروەها بڕیاری قدەغەکردنی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بریاری قەدەغەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی "ڤەیپ" لە 2ـی 1ـی 2024ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیدی لە هەر شوێنێک هەبێت لەناودەبرێت، لە هەڵمەتەکەدا سەدان جگەرەی ئەلیکترۆنی و تامەکانی دەستیانبەسەردا گیرا و زیاتر لە 10 دووکانیش داخران و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.

Fly Erbil Advertisment