سەرۆکی زانکۆی هارڤارد دوای تۆمەتبارکردنی بە دژە جولەکەکان دەستی لەکارکێشایەوە

K24 - هەولێر
دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی زانکۆی هارڤارد دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، دوای ئەوەی بەهۆی گوتەکانی لە کۆنگرێس سەبارەت بە دژە جوولەکەگەرایی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی لایەنگرانی غەززە لە ناو زانکۆدا هێرشی توندی کرایە سەر.
"کڵۆدین گایی" سەرۆکی زانکۆی هارڤارد، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە دوای ئەوەی راپۆرتەکان دەریانخستووە کە بە شێوەیەکی دروست ئاماژەی بە سەرچاوە زانستییەکان نەکردووە.
گایی رەخنەی زۆری لێگیرا، دوای ئەوەی رەتیکردەوە وەڵامی روون بداتەوە، کە ئایا داوای کۆمەڵکوژی جولەکەکان پێشێلکردنی رێسای رەفتاری زانکۆی هارڤاردە، کاتێک لە مانگی رابردوودا لەگەڵ سەرۆکەکانی پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساشوستس و زانکۆی پێنسیلڤانیا لەبەردەم کۆنگرێسدا شاهێدیان داوە.
گایی، وەک یەکەم رەشپێست کە پۆستی سەرۆکی زانکۆی هارڤاردی وەرگرتووە، لە دەقی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیدا روونیکردووەتەوە کە تووشی هەڕەشەی کەسی و ڕەگەزپەرستی بووەتەوە.
دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی زانکۆی هارڤارد دوای ئەوە دێت کە دەستەی کارگێڕی دامەزراوەکە پشتگیری لێکرد، لە دوای وەرگرتنی گوتەکانی لە کۆنگرێس.
زیاتر لە 70 نوێنەر لەنێویاندا دوو ئەندامی دیموکراتی تێدایە داوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەویان کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە دەرچووانی زانکۆی هارڤارد داوایان کردووە کە ئەو پۆستە جێبهێڵێت.
لە لایەکی دیکەوە زیاتر لە 700 ئەندامی فاکەڵتی زانکۆی هارڤارد نامەیەکیان واژۆ کرد کە پشتگیری لە گایی دەکەن.
گەیی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پشتڕاستکردەوە دوای ئەوەی لەلایەن رۆژنامەی هارڤارد کریسۆنەوە بڵاوکرایەوە کە رۆژنامەیەکی خوێندکارانە.
لەبەیاننامەیەکدا گایی رایگەیاند، "بە خەمێکی گەورەوە بەڵام بە خۆشەویستییەکی قوڵەوە، دەنوسم و رایدەگەیێنم وەکو سەرۆکی زانکۆ دەست لە پۆستەکەم دەکێشمەوە".
لای خۆیەوە دەستەی کارگێڕی دامەزراوەکە رایگەیاندووە، گایی "خۆڕاگرییەکی زۆری لە بەرامبەر هێرشە کەسی و بەردەوامەکاندا نیشانداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە رێگەی ئیمەیڵ و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە تووشی رق و رەگەزپەرستانە بووەتەوە، بۆیە ئێمە ئەم هێرشانە ئیدانە دەکەین."