تورکیا 56 کەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکرد

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 56 کەسی داواکراوی 18 وڵاتی جیاواز بە تۆمەتی تێوەگلان لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-1-2024، 56 کەسی داواکراوی 18 وڵاتی جیاواز بە تۆمەتی تێوەگلان لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکراوە.

دەشڵێت: گومانلێکراوەکان لە 11 پارێزگای تورکیا دەستگیرکراون، لەوانە ئیستانبوڵ، ئەنتاڵیا و ئیزمیر، ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکان بە تایبەتی لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و هیندستان و ئیسرائیل و رووسیا و ئێران و ئیمارات و قەتەر و سعوودیە داواکراون.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەشهاتووە، ئینتەرپۆل ئاگاداری سووری لە دژی هەندێکیان دەرکردووە، کە یاداشتێکی داواکاری نێودەوڵەتییە کە لەلایەن ئینتەرپۆلەوە دەرچووە دژی ئەو کەسانەی کە داواکراون بۆ ئاسانکاری دەستگیرکردنیان لە سەرتاسەری جیهاندا.

تۆمەتباران تۆمەتبارن بە کوشتن، تاوانکاری، سپیکردنەوەی پارە یان سەر بە رێکخراوێکی تاوانکارین.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" رایگەیاندووە، "هەموویان دەخەینە زیندانەوە، یەک بە یەک".

لە چەند مانگی ڕابردوودا پۆلیسی تورکیا هەڵمەتەکانی بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی تاوانە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووەتەوە، کە هەندێکیان ماوەیەکی زۆرە پەنایان بۆ تورکیا بردووە.